لە نێوەندی ترسەکان لە هێرشی ئیسرائیل، وەزیری نەوتی ئێران سەردانی تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت دەکات

ماڵپەڕی هەواڵی وەزارەتی نەوتی ئێران بڵاویکردەوە وەزیری نەوتی ئێران گەیشتووەتە دوورگەی خارگ کە ماڵی تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیە، لەوێ لەگەڵ فەرماندەیەکی هێزی دەریاییدا کۆبووەتەوە، ئەمەش لە نێوەندی ترسەکان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل.

ڕۆژی شەممە وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیل گوتی " کاتێک کە کاتەکە گونجاو دەبێت " ئیسڕائیل تۆڵەی هێرشە موشەکییەکەی هەفتەی پێشووی ئێران دەکاتەوە بۆ سەر ئیسڕائیل.

ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمەریکایی لە زاری بەرپرسانی ئیسڕائیلییەوە بڵاویکردەوە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەکرێت بکرێنە ئامانج، هاوکات ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پێی وانیە ئیسڕائیل هێشتا خۆی یەکلایی کردبێتەوە لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوە.

ئێران ئەندامە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا و ڕۆژانە نزیکەی 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت کە دەکاتە لە سەدا 3 نەوتی جیهان. لەم ساڵدا هەناردەکردنی نەوتی ئێران زیادیکردووە سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا.

زۆربەی سەرمایە نەوتی و گازەکانی دەکەونە باشووری وڵاتەکەوە، تێرمیناڵی دوورگەی خارگیش دەکەوێتە باشوورەوە و لەوێوە لە سەدا 90 ی نەوتی ئێرانی هەناردەی دەرەوە دەکرێت.

ماڵپەڕی هەواڵی شانا وتی وەزیری نەوتی ئێران موحسین پاکنەژاد ڕۆژی یەکشەممە " سەردانی دامەزراوە نەوتییەکانی کردووە و چاوی بە ستافەکانی کارکردن کەوتووە لە دوورگەی خارگ." وتیشی تێرمیناڵەکە دەتوانێت 23 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەڵبگرێت.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی پاکنەژاد لەگەڵ فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران محەمەد حوسەین بارگاهیدا کۆبووەتەوە لە پێناو بینینی ئاسایشی سەکۆکانی گازی پارسی باشوور و هەڵسەنگاندنی کارەکانی یەکەی 4 ی هێزی دەریایی پاسداران.

دەزگاکە لە زاری پاکنەژادەوە بڵاویکردەوە " هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاسایشی دامەزراوە نەوتی و گازەکاندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز