پاکستان داوا لە ئێران دەکات لێکۆڵینەوە لەسەر کوژرانی 9 هاووڵاتی سڤیلی پاکستانی بکات

پاکستان ڕۆژی یەکشەممە هەواڵی کوژرانی نۆ هاووڵاتی پاکستانی لە ئێران لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە پشتڕاست کردەوە، داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەک بکات لەسەر " ڕووداوە تیرۆریستییەکە " و سزادانی ئەنجامدەرانی.

ڕۆژی شەممە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بڵاوییان کردەوە تەقەکردنێک لە ماڵێک لە شاری ساراڤانی هەرێمی سیستان بالوچستان ڕوویداوە، هەرێمەکە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و پاکستان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان مومتاز زەهرە بالوچ وتی " ڕووداوێکی ترسناک و قێزەونە، بە توندی سەرکۆنەی دەکەین."

وتیشی " لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا لە پەیوەندیداین و تیشکمان خستووەتە سەر پێویستییەکان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ لە ڕووداوەکە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە دەستییان هەبووە لەم تاوانە دڕندانەیەدا."

تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشە کوشندەکەی ڕانەگەیاندووە، هێرشەکە چەند پاکستانییەکی تێدا کراوەتە ئامانج کە گوایە لە دووکانێکی چاککردنی ئوتومبێل کارییان کردووە لە هەرێمەکەی سەر سنووری پاکستان.

بالوچ وتی دیبلۆماتکارێکی باڵای پاکستان لە ڕێگادایە بۆ ئەو نەخۆشخانەیەی کە بریندارەکانی تێدا چارەسەر دەکرێت، بەڵێنیدا بەپەلە لاشەی قوربانییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ پاکستان.

وتی " بە تەواوەتی دڵگران بووین بەم بابەتە و سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان لەم بارەیەوە دەگرینەبەر. ئەو جۆرە هێرشە ترسنۆکانە ناتوانێت سووربوونی پاکستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کەم بکاتەوە."

ڕووداوەکە دوای زیاتر لە هەفتەیەک دێت لە هێرشە ئاسمانییەکەی پاکستان بۆ سەر هەمان شاری ئێران و وتی حەشارگەی گروپە چەکدارییەکانی دژ بە پاکستانی کردووەتە ئامانج، ئەوەش لە وەڵامی هێرشێکی پێشووتری ئێراندا بۆ سەر ناوچەیەکی پاکستان. ئێران وتی لە هێرشەکەی پاکستاندا بۆ سەر ساراڤان نۆ کەس کوژراون، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

ئیسلامئاباد وتی سوپای پاکستان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکەکانی گروپە چەکدارییە نایاساییەکانی بالوچ کە لە سنوورەکانی ئێرانەوە هێرش دەکەنە سەر پاکستان.

هێرشەکەی پاکستان دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات سوپای ئێران " هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی " کردە سەر حەشارگەکانی گروپی چەکداری جەیشلعەدل لە هەرێمی بالوچستانی باشووری پاکستان، کە بە هەمان شێوە سنووری بە ئێرانەوەیە.

پاکستان هێرشەکەی ئێرانی سەرکۆنە کرد و وتی " بە ئاشکرا پێشێلکردنی " سەروەری خاکی پاکستان بووە، وتی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی دوو منداڵ. پاکستان دوای ئەو هێرشە دەستبەجی باڵیۆزەکەی لە تاران بانگ کردەوە و گەڕانەوەی باڵیۆزی ئێرانی بۆ پاکستان قەدەغە کرد.

لەو کاتەوە دوو وڵاتەکە یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی کاری پێویستییان نەکردووە بۆ لە ناوبردنی حەشارگە پارێزراوەکانی گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتانی یەکتردا.

ڕۆژی هەینی دوو وڵاتەکە گەڕانەوەی باڵیۆزەکانییان بۆ سەر کارەکانییان پشتڕاست کردەوە. بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان سەردانی پاکستان بکات و لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەیدا کۆببێتەوە.

ڕاپۆرتی ئەیاز گوڵ