ڕاگەیاندنەکانی ئێران دەڵێن پارێزگاری شاری قوم فەرمانێکی دەرکردووە کە تێیدا کارمەندانی ژن لەو پارێزگایە لە دامودەزگاکانی حکومەتدا پابەندی یاسا توندەکانی پۆشاکی ئیسلامی دەکات، بە تایبەتی پۆشینی جبەی (چادر)ی ڕەش. بەپێی فەرمانەکە، ماکیاژیش قەدەغە دەکرێت.
فەرمانەکە کە سەرەتا لەلایەن ماڵپەڕێی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانەوە بڵاوکرایەوە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەوەی ژنان دەتوانن چی بپۆشن لە شوێنی کارەکانییان توندتر دەکاتەوە.
جێگری پارێزگاری قوم، ئەبولقاسم موقینی ئەراقی، لە فەرمانەکەدا جەختی لەوە کردەوە دەبێت کارمەندانی ژن پابەندی " یاساکانی سادەیی و باڵاپۆشی بن." فەرمانەکە تیشک دەخاتە سەر هەوڵە نوێکراوەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر ستانداردەکانی پۆشینی جلوبەرگ، لە قوم کە بە گرنگییە ئایینییەکەی ناسراوە، وەکو ناوەندێک بۆ خوێندنی ئاینی شیعەیی.
فەرمانەکە هاوکاتیشە لەگەڵ زیادبوونی هەستیارییەکان و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر یاساکانی حیجابی زۆرەملێی ئێران.
لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا کە دروشمە سەرەکییەکەی " ژن، ژیان، ئازادی " بوو، داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی باڵاپۆشی زۆرەملێ کرا، ژنانی ئێرانیش لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و ڕابەرایەتی خۆپیشاندانەکانییان کرد.
فەرمانە نوێیەکە لە قوم، کە کارمەندانی ژنان ناچار دەکات لە ئۆفیسە گشتییەکاندا جبە بپۆشن، فەرمانێکی بێپێشینەیە لە فراوانییەکەیدا و ئاماژەیەکە لەسەر چڕبوونەوەی هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بەرەو سەپاندنی یاسای دیکەی توندی ئیسلامی پۆشینی جلوبەرگ.
لە ساڵی 1981 دا، باڵاپۆشی سەپێندرا بەسەر ژن و کچانی سەروو تەمەن 9 ساڵدا، دوو ساڵ دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران. ئەو هەنگاوەش خۆپیشاندانی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانەکانیش لەلایەن دەسەڵاتدارە نوێیەکانی ئێرانەوە بە خێرایی سەرکوتکران. چەندین ساڵە زۆرێک لە ژنانی ئێران یاساکەیان پێشێل کردووە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ئەوە جێی قبوڵکردن نیە.
ژنان کەمیپینیشیان دژی یاسای جیاکاری کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ژنان لەلایەن دەوڵەتەوە ناچار کراون وڵاتەکە جێبهێڵن.
لە مانگی نۆی ساڵی 2022 دا، گرژییەکان زیادییان کرد، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا.
مەرگی ژینا ئەمینی بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا و سەدان خۆپیشاندەریش کوژران.
سەرەڕای توڕەیی هاووڵاتییان، پەرلەمانی ئێران لە ماوەی نزیکبوونەوەی ساڵیادی مەرگی ئەمینیدا یاسای باڵاپۆشییان نوێکردەوە و سزای توندترییان دانا بۆ ئەو کەسانەی کە یاساکە پێشێل دەکەن، لەوانەش سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی 10 ساڵ.
لە کۆتایی مانگی 10 دا، کچێکی دیکە، ئارمیتا گەراڤەندی تەمەن 17 ساڵ، لە میترۆیەکی تاراندا لە هۆش خۆی چوو و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، بەپێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان، ئارمیتا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە هێرشی کراوەتە سەر، هەندێکی دیکەیان دەڵێن ئەفسەرانی باڵاپۆش بەرپرس بوون لەو ڕووداوە.
سەرچاوە/ ڕادیۆ فەردا