فشاری ناوەندەکانی ئاسایشی ئێران لەسەر مامۆستایانی چالاکوان لە سەروبەندی دووەمین ساڵیادی مەرگی ژینادا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازای " دا، ناوەندە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی چواردە چالاکوانی ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانییان لە لقی سنە کردووە.

هەنگاو دەڵێت بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بە دەستییان گەیشتووە، خانەی دادی گشتی و شۆڕشی سنە و ناوەندە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە بانگی چواردە چالاکوانی پیشەیی مامۆستایانی ئەو شارەیان کردووە.

چالاکوانەکان بە تۆمەتی " پڕوپاگەندە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکدانی ئاسایشی گشتی و پێکهێنانی باند و گروپ دژ بە ئاسایشی ئێران " بانگکراون.

ئەو مامۆستایانەی کە بانگکراون بریتین لە فاتمە زەند کەریمی، نەسرین کەریمی، سەلاح حاجی میرزایی، فەیسەڵ نووری، مەجید کەریمی، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری، بێهزار قەوامی، محەمەد ڕەزا موڕادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غەیاس نیعمەتی و کۆرۆش عیزەتی ئەمینی.

بەپێی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، چالاکوانەکان فەرمانییان پێکراوە تاوەکو 14 ی مانگی نۆ ئامادە بن بە مەبەستی لێپرسینەوە لێیان.

لە وەڵامی ئەو بانگکردنەدا ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی کرد و وتی " ئەنجومەنەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕێوشوێنە سەرکوتکاریی و هەوڵە بەردەوامانە دەکات بۆ بێدەنگکردنی دەنگی مامۆستایان و چالاکوانانی یەکێتییەکە. جەخت لە مافی مامۆستایان دەکاتەوە بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایی دەربڕین و چالاکی یەکێتییەکە. ئەنجومەنەکە داوای کۆتایی هێنان دەکات بە سەرکوتکارییەکان و دادگاییکردنە نادادپەروەرەکان و گەڕاندنەوەی مافی یەکێتی مامۆستایان."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وتی لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم 18 هاووڵاتی کوردی سڤیل لەلایەن وەزارەتی هەواڵگری و هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە شارەکانی مهاباد و ئۆشنەڤیە و پیرانشار و بۆکان لە پارێزگای ئازەربایجان لە ڕۆژئاوا و مەریوان و سەرڤەباد و دیواندەرە لە پارێزگای کوردستان دەستگیرکراون، دواتر لە ناوەندەکانی گرتنی هێزەکانی ئاسایشدا زیندانیکراون، ئەمەش پێش دووەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکان.

سەرچاوە/ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان