ئێران داوا لە سوید دەکات دژی سوتاندنی قورئان بجوڵێت

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت تاران داوا لە سوید دەکات ڕێوشوێن بگرێتەبەر دژی سوتاندنی قورئان، پێش ئەوەی دوو وڵاتەکە بتوانن باڵیۆزەکانییان بۆ وڵاتانی یەکتر بنێرن، هەروەها داوای لە سوید کرد هاووڵاتییەکی زیندانیکراوی ئێران ئازاد بکات.

وەزارەتەکە وتیشی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لەگەڵ هاوتا سویدییەکەی تۆبیاس بیڵسترۆمدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تاوتوێی پرسی قورئانییان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە نیویۆرک بە بیڵسترۆمی وتووە " سەبارەت بە ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆزەکان، ئێمە چاوەڕێی کارێکی باش دەکەین لەسەر پرسی قورئانی پیرۆز لە سوید."

لەمدواییانەدا چەندین جار لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان سوتێندراوە. سوید سەرکۆنەی ئەو کارانەی کردووە بەڵام دەڵێت بەپێی یاسای ئازادی ڕادەربڕین ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات.

لە مانگی حەوتدا ئێران وتی ڕێگە بە باڵیۆزی نوێی سوید دەدات بێتە ناو وڵاتەکەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەرکی دوایین نێردەی دیبلۆماتی سوید لە ئێران کۆتایی هات.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان قورئانێکی گرت بە دەستییەوە و ڕایگەیاند " ئاگری بێڕێزی زاڵ نابێت بەسەر ڕاستی پیرۆزی خواییدا." هەروەها سەرکۆنەی " ئیسلامۆفۆبیا و سیاسەتی ڕەگەزپەرستی کلتوری " کرد.

ئەمیرعەبدوڵاهیان بە هاوتا سویدییەکەی وت " داکۆکیکردن لە بەهاکانی سوید لەسەر حسابی پشتگوێ خستنی بەهاکانی دوو ملیار موسوڵمان لە جیهاندا جێی قبوڵکردن نیە."

هەروەها داوای لە ستۆکهۆڵم کرد حەمید نوری ئازاد بکات، کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە و لە مانگی یانزەی ساڵی 2019 دا دەستگیرکرا و سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی کۆمەڵکوژیکردنی زیندانییان لە ساڵی 1988 دا لەسەر فەرمانی تاران تۆمەتبار کرا.

وەزیرەکەی ئێران وتی " پێشبینی دەکەین حکومەتی سوید بڕیارێکی ژیران و ئازایانە بدات لە قۆناغی پێداچوونەوە و ئازادکردنی بەڕێز نوریدا. ئامادەین بۆ هاریکارییەکی ئەرێنی و بونیادنەرانە لە چەندین بواری جیاوازدا."

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا، ئێران ڕایگەیاند سویدییەکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەدا کە هاووڵاتییە سویدییەکە تاوانی لە ئێران ئەنجام داوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس