ئێران ڕەخنە لە سوید دەگرێت لە بەرامبەر پـێدانی ڕەگەزنامە بە ئێرانیـیەک سزای لە سێدارەدانی بۆ دراوە

ئەحمەد ڕزا جەلالی

ئێران بە فەرمی ڕەخنەی لە سوید گرت لە بەرامبەر پـێدانی ڕەگەزنامەی سویدی بە مامۆستایەکی زانکۆ کە لە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دراوە بە تۆمەتی سیخوڕی.

بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە گوتی ئەم بڕیارەی سوید زۆر جێی سەرسوڕمانە و هیچ پاساوێکی بۆ نیـیە و جێی گومانە. گوتیشی ڕۆژی دووشەممە باڵیۆزی سویدیان بانگهێشتکردووە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایی تاران لەم بارەیەوە.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو سوید ڕەگەزنامەی بە ئەحمەد ڕزا جەلالی بەخشی کە پـزیشکێکی ئێرانی بوو و لە سوید نیشتەجێ بوو و لە بواری خۆیدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت کاری کردبوو.

ناوبراو مانگی چواری ساڵی 2016 بە سەردانێکی کورت چوو بۆ ئێران و لەوێ دەسـتگیرکرا. پاشان لە مانگی دە تۆمەتبارکرا بەوەی زانیاری لە بارەی دوو زانای ناوکی ئێران بە هەواڵگری ئیسرائیلی دابوو کە بووەتە مایەی کوشتنیان.

بەهرامی گوتی ئێران دان بە دوو ڕەگەزنامە نانێت و جەلالی وەکو هەر ئێرانیـیەکی دیکە مامەڵە دەکرێت.

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس