دوو بەرپرسی ئێرانی لەم هەفتەیەدا بە ڕۆیتەرزییان وت بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕژێمەکەی پێشووی سوریا لە دوایین ڕۆژەکانیدا پێش ئەوەی دووربخرێتەوە بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی وتووە کە تورکیا چالاکانە پشتیوانی لە یاخیبووە سوننەییەکان دەکات لە هێرشەکەیاندا بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی.
پەنجا ساڵ لە فەرمانڕەواییەکەی بنەماڵەکەی ئەسەد ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆتایی هات کاتێک یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کرد و ڕژێمەکەی ئەسەدییان دوورخستەوە. ئێران لە شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لە ئەسەد دەکرد و دوورخستنەوەی ئەسەد لەسەر دەسەڵات بە لێدانێکی گەورە دادەنرێت بۆ " بەرەی مقاوەمە " بە سەرکردایەتی ئێران، کە هاوپەیمانییەکی سەربازیی و سیاسییە و دژی ئەمەریکا و ئیسڕائیلن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کاتێکدا کە گروپە چەکدارییە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی تەحریر شام کە پێشتر سەر بە قاعیدە بوو شارە گەورەکانی سوریای دەگرت و پێشڕەوی دەکرد بەرەو دیمەشق، ئەسەد لە 2 ی مانگی دوانزەدا لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عارەقچیدا کۆبووەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکە وتی ئەسەد لە کۆبوونەوەکەدا توڕەیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە " هەوڵە چڕەکانی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی." عارەقچی ئەسەدی دڵنیا کردووەتەوە لە بەردەوامیدان بە پشتیوانییەکانی ئێران و بەڵێنی پێداوە کە ئەو بابەتە لەگەڵ ئەنکەرەدا باس بکات.
ڕۆژی دواتر عارەقچی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیداندا کۆبووەوە و نیگەرانی تارانی دەربڕی سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەنکەرە بۆ پێشڕەوییەکانی یاخیبووەکان.
بەرپرسەکەی دیکەی ئێران وتی " کۆبوونەوەکە گرژ بووە. ئێران ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەوەی کە تورکیا لەگەڵ ئەجێنداکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیلدا بووە و نیگەرانییەکانی ئەسەدیشی گەیاندووە."
بەرپرسەکە وتی فیدان لۆمەی ئەسەدی کردووە بۆ قەیرانەکان و وتوویەتی کە شکستی ئەسەد لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی ئاشتی و فەرمانڕەواییە سەرکوتکارییە چەندین ساڵەییەکەی ڕەگ و ڕیشەی ململانێکە بوون.
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە نزیکە لە گفتوگۆکانی فیدانەوە وتی ئەوە بە تەواوەتی لێدوانەکانی فیدان نەبوون، وتیشی عارەقچی هیچ پەیامێکی لە ئەسەدەوە نەگەیاندووە بە تورکیا.
ڕۆژی یەکشەممە فیدان لە دەوحە بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە ڕژێمەکەی ئەسەد " کاتێکی بە نرخی " لەبەردەستدا بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی سوریادا، بەڵام ئەوەی نەکرد، لە جیاتی ئەوە ڕێگەیدا بەوەی " هێواش هێواش ڕژێمەکە بۆگەن ببێت و بڕووخێت."
ڕۆژی چوارشەممە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی دوورخستنەوەی ئەسەد ئەنجامی پلانێکی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بوو.
وتی یەکێک لە دراوسێکانی سوریاش ڕۆڵی هەبووە و بەردەوامیشە لەو کارەی. ناوی وڵاتەکەی نەهێنا، بەڵام وادیار بوو کە باس لە تورکیا بکات.
ڕووخانی ئەسەد بووە هۆی ئەوەی ئێران لە گەورەترین هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا کە حزبوڵای لوبنانە داببڕێت. پەیوەندییەکانی تاران بە دیمەشقەوە وایکردبوو ئێران بتوانێت کاریگەریی و دەسەڵاتەکانی لە ڕێی ڕێڕەوێکی وشکانییەوە بڵاوبکاتەوە، لە ڕۆژئاوای سنوورەکەیەوە لە ڕێی عێراقەوە بۆ لوبنان و ئەو ڕێڕەوەشی بەکاردەهێنا بۆ گەیاندنی چەک بۆ حزبوڵا.
ئێران ملیاران دۆلاری خەرج کرد لە پشتیوانیکردن لە ئەسەددا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا و هەروەها سوپای پاسدارانی ڕەوانەی سوریا کرد بۆ یارمەتیدانی ئەسەد تاوەکو لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە.
حزبوڵاش ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، چەکداری ڕەوانەی سوریا دەکرد بۆ یارمەتیدانی ئەسەد، بەڵام لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دەبوو چەکدارەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ لوبنان تاوەکو شەڕ لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکەن، کە دواجار لەو شەڕەدا زیانێکی گەورەی بەرکەوت و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی لەلایەن ئیسڕائیلەوە کوژران. گەڕاندنەوەی ئەو چەکدارانەش هێڵەکانی پێشەوەی حکومەتی سوریای لاواز کرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز