دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران ڕایگەیاند ئێران ڕۆژی شەممە لە نمایشێکی سەربازیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و موشەکێکی باڵیستیکی نوێی ئاشکرا کردووە، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و هەروەها بانگەشەکان لەسەر پڕچەککردنی ڕووسیا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێدانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا تاوەکو مۆسکۆ لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران بڵاویکردەوە موشەکی جیهاد لەلایەن باڵی فڕۆکەوانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دیزاین کراوە و بەرهەم هێندراوە، مەوداکەی دەگاتە 1000 کم.
وتیشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید – 136B جۆرە نوێیەکەی شاهید – 136 ە و تایبەتمەندی نوێ لە خۆدەگرێت و مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە 4000 کم.
سەرۆکی نوێی ئێران مەسعود پزیشکیان ئامادەی نمایشە سەربازییە ساڵانەییەکە بوو لە تاران و یادی جەنگی 1980-88 ی نێوان ئێران و عێراقی کردەوە.
پزیشکیان وتی " ئەمڕۆ توانا بەرگری و ڕێگرییەکانمان ئەوەندە گەورە بوون کە هیچ شەیتانێک بیر لە هیچ دوژمنکارییەک ناکاتەوە بەرامبەر ئێرانی ئازیزمان."
وتیشی " بە یەکگرتوویی و یەکیەتی لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا، دەتوانین ئیسڕائیلی تینو بە خوێن و کۆمەڵکوژ لە شوێنی خۆیدا دابنێین، کە هیچ بەزەییەکی نیە بۆ هیچ کەسێک، نە بۆ منداڵ و نە بۆ ژن و نە بۆ پیر و نە بۆ گەنج."
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیش پەیامێکی هاوشێوەی هەبوو دژی ئیسڕائیل لە ماوەی کۆبوونەوەی ساڵانەی مەلا موسوڵمانەکاندا کە لەلایەن تارانەوە میوانداری کراوە و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد " بە تەواوەتی پەیوەندییە ئابوورییەکانییان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ببڕن و پەیوەندییە سیاسییەکانییان لەگەڵیدا لاواز بکەن."
وتی " ئەم هێزە ناوەکییە دەتوانێت ڕژێمی زایۆنی، ئەم شێرپەنجە خراپە، لە دڵی کۆمەڵگەی ئیسلامیدا لە فەلەستین لە ناوببات."
گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادییان کرد دوای ئەوەی چەکدارانی حەماسی فەلەستینییەکان لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کردە سەر باشووری غەززە، ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا و هاوپەیمانەکانی ئێرانیشی لە ناوچەکەدا وروژاند.
سەرچاوە/ فرانس پرێس