دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە ئێران تواناکانی بەرگری ئاسمانی پتەوتر کردووە لە ڕێی زیادکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەرەوە کە موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانییان لەسەرە بۆ جبەخانەکەی.
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران وتی " دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کەرار بە موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانەوە زیادکراون بۆ بەرگری ئاسمانی لەسەرجەم ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەدا."
دەوترێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان مەوداکەیان دەگاتە 1000 کم و ڕۆژی یەکشەممە لە مەراسیمێکدا لە ئەکادیمیای سەربازیی لە تاران نمایش کراون.
دەزگای هەواڵی ئیرنا لە زاری سەرکردەی سوپای ئێران جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان موساڤییەوە بڵاویکردەوە " دوژمنان ئێستا دەبێت دووبارە بیر لە ستراتیژییەکانییان بکەنەوە " چونکە هێزەکانی ئێران " بەهێزتر بوون."
دەزگاکە وتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرپەرچدانەوەی کەرار کە یەکەمین شێوازی لە ساڵی 2010 دا نمایش کرا، موشەکی گەرمیی ماجیدی لەسەرە کە مەوداکەی دەگاتە هەشت کیلۆمەتر و " بە تەواوەتی لە ئێران دروست کراوە."
موساڤی وتی " لە تاقیکردنەوەکاندا لە ماوەی مەشقە سەربازییەکانی مانگی 10 دا سەرکەوتوو بووە."
گەشەی جبەجانە سەربازییەکەی ئێران نیگەرانی لە نێو زۆرێک لە وڵاتاندا دروست کردووە، بە تایبەتی ئیسڕائیل و ئەمەریکا.
ئیسڕائیل تارانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی بۆ حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن.
ئێران لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکان دەکات، کە دوای هێرشە کوشندەکەی لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل، لە جەنگدایە لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، تاوەکو لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بەکارییان بهێنێت، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا چەندین سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی گرێبەستەکانی چەکەوە.
ئێران لە ساڵەکانی هەشتاکاندا و لە ماوەی جەنگە هەشت ساڵەییەکەیدا لەگەڵ عێراق، دەستیکرد بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.