ژنان لە ئێران بەبێ سەرپۆش دەچنە دەرەوە لە کاتێکدا دووەم ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە

لەسەر شەقامەکانی شارەکانی ئێران ئێستا ژنان دەبیندرێن بەبێ سەرپۆشی زۆرەملێ، لە کاتێکدا کە دووەمین ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکە نزیک دەبێتەوە.

هیچ بەرپرسێکی حکومی یاخود توێژینەوەیەک دانی بەو دیاردەیەدا نەناوە. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆ ئاساییەکانی سەر شەقامەکان پیشانی دەدەن کە ژنان و کچان بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆن و پرچییان دەرخستووە، بە تایبەتی دوای خۆرئاوابوون.

ئەم کارەی ژنانی ئێران سەرەڕای ئەوەش دێت کە لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسییان لە " زیادبوونی ڕێوشوێن و سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی " دەسەڵاتەکەی ئێران کرد بۆ سزادانی ئەو ژن و کچانەی کە گوێ بە یاسای سەرپۆشی زۆرەملێ نادەن.

سەرۆکە نوێیەکەی ئێران مەسعود پزیشکیانی چاکسازیخواز لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنیدا بێزارکردنی ژنان لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە ڕابگرێت. بەڵام دەسەڵاتی تەواویی وڵاتەکە هێشتا لە ژێر دەستی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی تەمەن 85 ساڵدایە، کە لە ڕابردوودا وتوویەتی دەرخستنی پرچ " لە ڕووی ئایینی و سیاسییشەوە قەدەغەیە."

ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران ڕۆژی هەینی وتی " گۆڕانکاری بە مانای دامەزراوەکان و لێپێچینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکان لە ژێر یاسای نێودەوڵەتی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، هێشتا زەحمەتن بۆ قوربانییان و ڕزگاربووان، بە تایبەتی بۆ ژنان و منداڵان."

ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کە کچە کوردێکی ئێرانی بوو، لە 16 ی مانگی نۆی ساڵی 2022 دا لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەستگیرکرا لەسەر ئەوەی سەرپۆشی نەکردبوو و لەبەرئەوە بە دڵی بەرپرسان نەبووە. دوای مەرگی ئەمینی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێران دروستبوو بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی." بەڵام بە زوویی خۆپیشاندانەکان بوون بە داواکردن بۆ خەباتکردن دژی خامنەئی.

هێزەکانی ئاسایشی ئێران چەندین مانگ بەردەوام بوون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و زیاتر لە 500 کەس کوژران و زیاتر لە 22,000 کەسی دیکەش دەستگیرکران.

ئەمڕۆ لەسەر شەقامەکانی ئێران ژنان دەبیندرێن بەبێ سەرپۆش، زۆرجار دەرکەوتنی ژنان بەبێ سەرپۆش لە شەودایە، بەڵام لە ماوەی کۆتایی هەفتەکاندا بە ڕۆژیش ژنان دەبیندرێن بەبێ سەرپۆش.

ئازادەی تەمەن 25 ساڵی خوێندکاری زانکۆی تاران شەریف کە تەنها ناوی یەکەمیدا وتی " بوێرییەکەم بۆ نەپۆشینی سەرپۆش میراتی ژینا ئەمینییە و ئێمەش دەبێت ئەم دەستکەوتە بپارێزین. ئەگەر ئەو نەمردایە ئێستا تەمەنی وەکو تەمەنی من دەبوو."

ئەم کارەی ژنانی ئێران هێشتا مەترسی هەیە، پۆلیسی ئاکاری ئێران گەڕاونەتەوە سەر شەقامەکان.

لە دوای خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستاش ڤیدیۆ هەن کە ژنان و کچانی گەنج بە توندی لەلایەن ئەفسەرەکانەوە دەگیرێن. لە ساڵی 2023 دا کچێکی ئێرانی لە ڕووداوێکی نادیاردا لە میترۆیەکی تاران بریندار بوو لە کاتێکدا کە سەرپۆشی نەپۆشی بوو و دواتریش لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا. لە مانگی حەوتدا چالاکەوانان وتییان پۆلیس تەقەی لە ژنێک کردووە کە لە خاڵێکی پشکنین هەڵاتووە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات پۆلیسەکان دەست بەسەر ئوتومبێلەکەیدا بگرن لەسەر ئەوەی کە سەرپۆشی نەکردووە.

هاوکات حکومەت ئەو کارانەی کەرتی تایبەتی کردووەتە ئامانج کە ژنان دەتوانن بەبێ سەرپۆش بێنە سەر کار. کامێراکانی چاودێری داندراون بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنانەی کە تەنانەت لە ناو ئوتومبێلەکانیشیاندا سەرپۆش ناکەن، بۆ ئەوەی غەرامەیان بکەن و دەستبەسەر ئوتومبێلەکانییاندا بگرن. حکومەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەکارهێناوە بۆ چاودێریکردنی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی تاران و دوورگەی کیشدا بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنانەی کە سەرپۆش ناکەن، ئەمەش بەپێی لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەڵام هێشتا هەندێک پێیان وایە هەڵبژاردنی پزیشکیان لە مانگی حەوتدا دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستدا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا لەسەر سەرپۆش.

حەمید زەرینجوی تەمەن 38 ساڵ دەڵێت " پێم وایە ژینگە ئاشتییانەکەی ئێستا بەشێکە لە دۆخەکەی دوای هەڵبژاردنی پزیشکیان. بە شێوەیەک لە شێوەکان پزیشکیان دەتوانێت دەسەڵاتدارە بەهێزەکان ڕازی بکات لەسەر ئەوەی کە سەپاندنی کۆتوبەندی زیاتر پێویست ناکات بۆ ئەوەی ژنان سەرپۆش بکەن."

ڕۆژی چوارشەممە داواکاری گشتی ئێران محەمەد مۆڤاهیدی ئازاد هۆشداریدایە هێزەکانی ئاسایش سەبارەت بە لێدان لەسەر سەرپۆش.

وتی " ئێمە سزای پێشێلکاران دەدەین. هیچ کەس مافی ئەوەی نیە ڕەفتاری ناگونجاو بەکاربهێنێت تەنانەت ئەگەر کەسەکە تاوانێکیشی ئەنجام دابێت."

ڕۆژنامەی لایەنگری چاکسازیی هام میهان لە مانگی هەشتدا بڵاویکردەوە بەپێی ڕاپرسییەکی بڵاونەکراوە کە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کلتور و ڕێنمایی ئیسلامیدا ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە بابەتی سەرپۆشی یەکێکە لە گرنگترین پرسەکان لە وڵاتەکەدا، شتێک کە پێشتر نەدەبیندرا.

سیمین کازمی کۆمەڵناس بە ڕۆژنامەکەی وت " ئەم کێشەیە زیاد لە هەموو کات پێشتر لە مێشکی خەڵکەکەدایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا