نێرگز محەمەدی زیندانیکراو لە ئێران: 34 ژنی زیندانیکراو مان لە خواردن دەگرن

دامەزراوەی نێرگز محەمەدی زیندانیکراو و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێت 34 ژنی زیندانیکراو لە زیندانی ئەڤینی ئێراندا مانییان لە خواردن گرتووە، ئەوەش وەکو یادکردنەوەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێراندا دژی حکومەتی ئەو وڵاتە.

دامەزراوەکە وتی " ئەمڕۆ 15 ی مانگی نۆی ساڵی 2014، 34 زیندانی ژن لە زیندانی ئەڤین مانییان لە خواردن گرتووە بە مەبەستی یادکردنەوەی دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی " و کوژرانی مەهسا ( ژینا ) ئەمینی."

ئەمینی تەمەن 22 ساڵ کچێکی کوردی ئێران بوو کە دوای دەستگیرکردنی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، دەستگیرکردنەکەی بەهۆی ئەوەوە بووە کە گوایە یاسای پۆشاکی زۆرەملێی ئێرانی پێشێل کردووە، مەرگەکەی بووە هۆی دروستبوونی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا.

دامەزراوەکە وتی زیندانییەکان خۆیان بە دوورگرتووە لە خۆراک " وەکو دەربڕینی هاودەنگییەک بۆ خەڵکی ناڕازی لە ئێراندا دژی سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی حکومەت."

محەمەدی کە کەمپینی کردووە دژی سەرپۆشی زۆرەملێ و سزای مەرگ لە ئێراندا، لە مانگی یانزەی ساڵی 2021 ەوە لە زیندانی ئەڤینی تاراندا زیندانی کراوە.

زۆربەی 10 ساڵی ڕابردووی ژیانی لە زینداندا بەسەر بردووە و چەندین جار مانگرتنی لە خۆراک ڕاگەیاندووە.

محەمەدی وتی " لە دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ' ژن، ژیان، ئازادیدا '، ئێمە جەخت لە پابەندبوونمان دەکەینەوە بۆ بە دەستهێنانی دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و شکستهێنان بە دیسپۆتیزمی ثیۆکراسیدا."

وتی " ئەمڕۆ دەنگمان بەرزتر دەکەینەوە و سووربوونمان پتەوتر دەکەین."

لە ساڵی 2023 دا منداڵەکانی محەمەدی لە جیاتی دایکییان خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان وەرگرت. شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو ئێرانییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دابین نەکردنی چاودێرییەکی تەندروستی باش بۆ محەمەدی.

شارەزایان وتییان لە 6 ی مانگی هەشتدا لە ئەڤین " محەمەدی گوایە ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی بووەتەوە " و لەو کاتەدا " لە هۆش خۆی چووە و پەراسوو و چەند بەشێکی دیکەی لاشەی زیانی پێگەیشتووە."

بەرپرسانی ئێران دانییان بەوەدانا کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕوویداوە بەڵام لۆمەی محەمەدییان کرد لەسەر " کاری وروژێنەرانە " و ڕەتییان کردەوە هیچ زیندانییەک لێی درابێت.

دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی نۆدا لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا دەستیپێکرد کە ژنان سەرکردایەتییان دەکرد.

خۆپیشاندانەکان سەرکردایەتییەکەی ئێرانییان لەو پایز و زستانەدا هەژاند، بەڵام بەرپرسان سەرکوتییان کردن، ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی دەڵێت هێزەکانی ئاسایش چەکییان لە سەرکوتکارییەکاندا بەکارهێناوە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن لانیکەم 551 کەس کوژراون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت هەزاران کەسی دیکە دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس