کاردانەوەکان لەسەر تۆمارە دەنگیـیەکەی جەواد زەریف بەردەوامن

کاردانەوەی ئێرانیـیەکان لەسەر تۆمارە دەنگیـیەکەی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەردەوامن و ئەم جارە لە ناو پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی توند لە زەریف گیرا.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە، ڕەخنەی لە قسەکانی زەریف لە بەرامبەر قاسم سولەیمانی گرت و گوتی" خوێنی قاسم سولەیمانی ڕەوتی شکستخواردووی ژێر کاریگەری ڕۆژئاوایی ئاشکراکرد."

هاوکات موجتەبا زو ئەلنوری، سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران گوتی ئەو قسانەی زەریف نیشانەی ئەو ڕق و کینەیەیە کە لە دڵی زەریفدا بەرامبەر قاسم سولەیمانی هەیە.

جێی ئاماژەیە لە کۆتایـیەکانی مانگی چوار، ئەو وتووێژەی جەواد زەریف بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

ئەمەش بەشێکی گرنگی وتووێژەکەیە:

وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژیکدا لەگەڵ ئابووری زان، سەعید لەیلاز کە لە نێوخۆی ئێراندا کردوویەتی، تێیدا بە گشتی ڕەخنە لە شێوەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و زاڵبوونی کەسانی لەشکری، بە تایبەتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بەسەر کاری سیاسی و بە تایبەتی کاری دەرەوەدا دەگرێت و سەرجەم پێ لەسەر گرنگی کاری دیپلۆماسی بە تایبەت لە گەڵ رۆژئاوا دادەگرێت بە تایبەتی لە پەیوەندی گەمارۆکانی سەر ئێران و مەسەلەی ڕێکەوتنی ناوکی ئێران لە گەڵ زلهێزانی جیهاندا.

دەگوترێت سەرجەم وتووێژەکە حەوت کاتژمیری خایاندووە، بەڵام ئەمەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە نێوەڕۆک و ئاماژەکردن بە بەشێک لە وتەکانی جەواد زەریف هی سێ کاتژمیر وتووێژەکە.

زەریف، هەر لە پێشەکی وتووێژەکەدا پێی وایە کە "دیپلۆمات نە پارەی هەیە و نە چەکی هەیە؛ دیپلۆمات چەکەکەی وتووێژ و ڕاگەیاندنە و دیپلۆمات چەکێکی تری نیـیە." ئەو پێ دادەگرێت کە بە چ شێوازێک لەگەڵ دانۆڵد ترامپ دەدوا بە هەمان شێوازیش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەدوێت.

زەریف پێی وایە ئەو حکومەتەی ئەمەریکا لە "ڕەفتار و بڕیارداندا سەبارەت بە خەڵکی ئێمە جیاوازی نیـیە"، چونکە زیاتر لە ١٠ میلیارد دوڵار لە پوڵی ئێران لە ئەمەریکادا سڕکراوەکە بەشێکیان پارەی نەوتی فرۆشراوە، بەڵام نەدراوەتەوە بە ئێران.

زەریف سەبارەت بە هەوڵی خۆی لە پێناوی کۆماری ئیسلامیدا هەر لە خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی لە مەسەلەی فەلەستین لە شاری سەکرەمێنتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا نیشانی داوە کاتێک لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩ی زاینی لە ئەمەریکا وەک خوێندکار دەژیا.

زاڵبوونی تاقمێک بە سەر دەسەڵاتدا

بەڵام زەریف بە گشتی ڕەخنە لە ڕێبەرایەتی کۆماری ئیسلامی دەگرێت و دەڵێت لە مێژە هەم بە مەحەمەد خاتەمی و هەم بە حەسەن روحانی گوتووە کە "تاقمێک وڵاتیان لە نێو چاڵێک هاویشتوو کە ئەویش چاڵی ناوکییە." ئەوەش کە دەوڵەتی نۆیەم و دەیەم "ئێمەیان خستۆتە دۆخێک کە هاتنە دەر لەو دۆخە باجێکی زۆری دەوێت." واتا ئەو دۆخەی ئێستای پێش بینی دەکرد کە گەمارۆ خراوەتە سەر ئێران و بە ئەوانی گوتبوو کە ئەم دۆخە نەک لایەنی "قارەمانێتی" بەڵکو لایەنی "قوربانی بوونی" هەیە.

ئەو دەڵێت بە لوتفی خامەنەیی و سەرۆک کۆمار و خەڵک توانیویەتی ڕێکەوتنی ناوکی وەدەست بێنێت کە بە "دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی" دەزانێت.

گرنگی دیپلۆماسی بە سەر شەڕ و گرژیدا

زەریف رەخنە دەگرێت کە "ئێمە هێشتا جیهان لەسەر بناغەی دوو جەمسەری، سەردەمی شەڕی سارددا دەبینین. ئێمە پێناسەیەکمان هەیە کە هێز بە ئێمە دەدات؛ پـێویستیمان بە [سازکردنی] گرژی نیـیە."

ئەو نمونە دێنێتەوە کە لە کاتی بڕیاری ١٦٩٦ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ٢٠١٠ی زاینی سەبارەت بە مەسەلەی ناوکی ئێران، لاریجانی، وەک بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران پێی وابوو کە لەم بارەیەوە ڕووسیا دەنگی ڤیتۆی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکە بەکاردێنێت کە دیارە ئەو کارەی نەکرد.

ئەو دەڵێت هۆیەکەی ئەوەیە "ئێمە جیهان بە پێوانە و کۆمەڵە معیارێک هەڵدەسەنگێنین کە وەڵامدەر نین. ئێمە پێمان وایە ڕووسیا و چین بە ڕوانگەیەکی ستراتژێکی جوغرافیایی دەبێت پشتیوانی لە ئێران بکەن و لەگەڵ ئەمەریکا بە شەڕبێن."

ئەو لۆمە دەخاتە سەر خۆیان چونکە پێی وایە خەڵک قارەمان پەرەستن و بە دوای سەرکەوتندا دەگەڕێن. لە هەمان کاتدا کە هێزی کۆماری ئیسلامی تەنیا خەڵکە و چونکە ئەو قسەیەی کردووە وایان زانیوە کە ئەو کفری کردووە.

زەریف دەڵێت، "هێزی ئێمە لە موشەکەکاندا نییە، چونکە ئەمەریکا هێزی موشەکییەکەی لە ئێمە زیاترە و هێزی ناوکیشی هەیە."

ئەو ئاماژە بە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەکات کە ئەوە هێزی خەڵک بوو سەرکەوتنی بەسەر سەدام حسێن بەدەستهێنا نەک هێزی چەک و چۆڵ. ئەو هەروەها دەڵێت، ئەوەی کە هێز بە ئەوان دەدات "نەک چەک، پارە، چاڵی نەوت، بەڵکوو ئەوەی هێز بە ئێمە دەدات باوەڕ، سەربەخۆبوون و پشتیوانی خەڵکە و ئامادەبوونی خەڵک دەبێتە مایەی ئاسایشی نیشتمانی."

زەریف ڕەخنە لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد دەگرێت کە بوو بەهۆی ئەوەی گەمارۆ بخرێتە سەر ئێران. ئەو دەڵێت ئەگەر من لە ساڵی ٢٠١٠ بە جێگای ساڵی ٢٠١٢ وتووێژم کردبا - واتا پێش ئەوەی ئێران گەمارۆی بانکی بخرێتە سەر، گەمارۆی نەوتی بخرێتە سەر، بەهای نەوتی ئێران دابەزێت و ئەوان لە بازاڕی نەوتی جیهان دابڕاوین- ئەوە ئەنجامی باشتریان لە چاو رێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ش وەدەست دەهێنا، هەر چەند وەک خۆی دەڵێت " رێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ ئێرانی لەسەر لێواری شەڕ ڕزگار کرد."

گرنگی دیپلۆماسی و دەسکەوتی ناوکی

زەریف پێ لەسەر ئەزموونی خۆی لە سەر کاری دیپلۆماسی دادەگرێت و دەڵیت لە ساڵی ١٩٩٢وە کە جێگری وەزیری دەرەوە بووە نزیکەی ڕاستەوخۆ یان ناراستەخۆ کارەکانی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمەریکا ئەو ئەنجامی داوە و "نزیکەی هەموو ئەو پەیامانەی کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا و لە ڕێگای وڵاتی سویسرا ئاڵو گۆڕ دەکران، خۆم نووسیوومە" کە دیارە بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە ئاشنایی لەگەڵ ئەمەریکاییەکاندا هەبووە.

ئەو دەگێرێتەوە هەمان ساڵ بوو کە لەگەڵ جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمەریکا لە نیویۆرک کۆدەبێتەوە و پێی دەڵێت بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ستەم لە ئێران دەکەن و لەم بارەیەوە و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەمەتەقەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕانسە هەبووە. پاشان بە هەوڵی خۆی کارێکی کردووە کە بڕیارنامەکە تێبینی لێ زیادبکەن چونکە بە پێی بڕیارنامەی ساڵی ٢٠١٠ی ئەنجومەنی ئاسایش هەر شەش مانگ هەناردەکردنی نەوتی ئێران کەم دەکرایەوە، بەڵام ئەو بە دیپلۆماسی خۆی پێشی ئەو کارەی گرت.

دەستێوەردانی قاسم سولەیمانی لە کاری دیپلۆماسی

زەریف باسی پەیوەندی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی دەکات؛ ئەو هەم پەسنی سولەیمانی دەدات و هەم ڕەخنەشی لێدەگرێت. زەریف دەڵێت لە وتووێژەکانی ئەفغانستان لەگەڵ ئەمەریکا ئەگەر "سەردار سولەیمانی" نەبوایە ئەو هیچ دەسکەوتێکی نەدەبوو؛ لە وتووێژەکانی ٢٠٠٣ کە ئەو سەبارەت بە عێراق لەگەڵ ئەمەریکاییەکان هەیبوو هەم پێش هێرش و هەم دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق، ئەگەر سولەیمانی نەبووایە دەسکەوتی نەدەبوو؛ ئەو دەڵێت "آ‌قا" [واتە ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی] هەماهەنگی هەموو ئەو هەوڵانە بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت "لە ڕێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ دا ئەو هەماهەنگییە نەبوو."

لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕەخنە لە سولەیمانی دەگرێت کە کاری دیپلۆماسی فیدای کاری مەیدانی دەکرد، بەڵام زەریف بە پێچەوانە هەنگاوی ناوە. ئەو دەگێرێتەوە کە هەر کات ئەو بۆ کاری وتووێژ دەچوو" ئەوە سولەیمانی بوو کە جەختی دەکرد لە وتووێژدا لەسەر چ خاڵێک پی داگرێت." وەک خۆی دەڵێت بە بایی دیپلۆماسی بتەوێت لە شاری حەلەبی سوریا سەرکەوتنێک وەدەست بێنی.

ئەو دەڵێت قاسم سولەیمانی لە کاتێکدا سوریا لە ساڵی ١٩٩٣ لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو کە داوای کرد سەردانی ڕووسیا بکات کە پوتن ڕازی بکات لە سوریا ئامادەیی جیدی تری هەبێت. ئەویش لە کاتێکدا ڕووسیا پەسەندی سەردانی سولەیمانی کرد کاتێک رێکەوتنی ناوکی ٢٠١٥ مۆر کرا. ڕووسیا پێی وانەبوو کە ڕێکەوتنی ناوکی بە ئاکام دەگات.

هەروەها دەڵێت ئەو سەردانەی قاسم سولەیمانی بە خواستی ڕووسیا سەری گرت کاتێک ڕووسیا لەسەر ئەو مەبەستە بوو کە دەسکەوتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ناوبەرێت.

زەریف دەڵێت، " ئەگەر ئێمە پێویستیمان بە ڕووسیا و چین بێت لەبەر دوژمنایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا نییە و دەبێت لەگەڵ ڕووسیا و چین پەیوەندیمان هەبێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندیمان لەگەڵ رۆژئاواش هەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەمەریکا گرژیمان نەبێت."

ئەو رەخنە دەگرێت کە "مەیدان یان گۆڕەپانی شەڕ" دیاری کردووە کە سیاسەتی وڵات چی بێت. ئەو چەند نموونەی تر دێنێتەو وەک هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودی کە پێی وایە "خەیانەت" بوو. هەروەها هەڕەشەی کرد کە ئیسرایل دەبێت لە ناوبچێت، [کە مەبەستی هەڕەشەکانی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران]ە و گرتنی بەلەمەکانی ئەمەریکا هەمووی ئەوانە کارێکی وایان کرد کە رێکەوتنی ناوکی سەر نەگرێت.

ئەو دەڵێت لە مانگی ٦ی ٢٠١٦ کە بە کردەوە لەسەر ڕێکەوتنی ناوکی ڕێککەوتین، جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمەریکا گوتی لەو رۆژەی کە فڕۆکەی "هۆما"مان لە لیستی گەمارۆکان هێناوەتە دەر پەروازەکانی "هۆما" بۆ سوریا شەش هێندە زیادیکردووە. زەریف پێی وایە دەکرا ئەم فڕینانە بۆ نموونە لە ڕێگای هێڵی "ئێران ئێر" بوایە . ئەو پێی وایە کاتێک ئامانجەکانی "مەیدانی" بەسەر ستراتژێکی وڵاتدا زاڵبوون، وڵاتانی تر دەتوانن کایە لەگەڵ ئەوان بکەن و ئەو ئەمە بە "دەسەلاتداری مەیدان" ناو دەنێت.

ئەو پێی وایە، ڕوانگەی ئەوان بۆ پەیوەندییەکانی نێونەتەوەیی "ڕوانگەیەکی سەردەمی 'شەڕی ساردە و ئێستاش باوەڕمان وایە کە ئەوەی لە مەیداندا بەهێزە، لە ئاستی نێونەتەوەییش بە هێزە. هێشتاش باوەڕمان نەکردووە کە ئابوریش نەخشی هەیە، دیپلۆماسیش لە بە هێزبووندایە، لە یەکگرتوویی نیشتمانیدا نەخشی هەیە."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە دەکات کە "لە کۆماری ئیسلامیدا، خەڵک قارەمان بوونیان پێ لە ئابووری و لە دیپلۆماسی، لە سیاسەت، لە ئاسایش باشترە. مەیدان دەسەڵاتی بەسەر دەربڕینی ڕوانگەکان، بەسەر سیاسەتی دەرەوە، بەسەر بانگەشە و بەسەر هەموو شتێکدا هەیە."

ئەو ڕەخنە دەگرێت کە بە لە بەرچاوگرتنی ئەوە کە لە پۆستێكی گرنگدا کار دەکات بەڵام نازانێت کە چەند نەفەر لە سوریادا کوژروان و چۆن "دەبێت [وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جان کێری] ئاگاداری بکاتەوە کە ئیسرائیل لە سوریادا ٩٠٠ جار هێرشی کردۆتە سەر ئێمە". هەروەها دەڵێت پێش ئەوەی خۆی بزانێت ئەمەریکا زانیویەتی کە هێرش کراوەتە سەر پێگەی "عین الاسد". هەروەها ٤٥ کاتژمێر پێش هێرش بۆ سەر "عین الاسد" ، دوو نوێنەری رێکخراوی قودس چوونەتە لای سەرۆک وەزیری عێراق کە بە زوویی هێرش دەکەن سەر پێگەیەکی ئەمەریکا لە عێراقدا.

بەردانەوەی فڕۆکەی ئوکراین

زەریف لە درێژەی وتووێژەکەیدا سەبارەت بە بەردانەوەی فڕۆکەی ئوکراین دەدوێت و لە کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بەم پرسە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوتوویەتی "ئەگەر ئەو فڕۆکەیە بە ڕاستی بە مووشەک بەردراوەتە خوارێ کە هەموو جیهان وا دەڵێت کەوابوو، چۆن ئەمە چارەسەربکەین؟" زەریف باس دەکات کە لەسەر ئەم قسەیە وایان لە گەڵ هەڵسوکەوت کردووە کە پێیان وایە ئەو کفری کردبێت.

زەریف دەگێرێتەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، شەمخانی، بەرپرسی ئەنجومەنەکە داوای لێکردووە کە لە تویترێکدا "ئەو ڕووداوە وەدرۆبخاتەوە." ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت " ئەگەر بتەوێت پاساوی بۆ بێنمەوە، کەس پەیامەکە ناخوێنێتەوە." زەریف پێشنیار دەکات کە سەرلەشکر باقری ڕاگەیەندراوێک بدات، ئەو کات خۆی ڕاگەیەندراوەکە دەخانە سەر تویتەر. پاشان گوتیان "کەسێک لە نێو هێزەکانی چەکدار دەدۆزینەوە کە ئەو قسەیە بکات کە من ئەوەم پەسند نەکرد."

زەریف دەڵێت مانای دەسەڵاتداربوونی "مەیدان" ئەوەیە کە ئەو "وەک وەزیری دەرەوە تەنانەت مافی ئەوەی نییە بزانێت بە موشەک لە فڕۆکە دراوە."

زەریف پێدا دەگرێت کە دوای ئەوەی هەواڵەکە رۆژی شەممە لە رادیۆ بڵاوکرایەوە تەنیا کەس لە نێو کۆماری ئیسلامیدا بووە کە داوای لێبووردنی لە خەڵکی خۆی و لە جیهان کردووە. ئەو دیسان دووپاتی دەکاتەوە کە لە کۆماری ئیسلامیدا "مەیدان دەسەڵاتدارە."

لە کۆتاییدا زەریف سەبارەت بە گرنگی رێکەوتنی ناوکی بۆ کۆماری ئیسلامی دەڵێت، "لە هەل‌ومەرجێکی نابەرامبەردا، ئێران لە بەرامبەر هەموو جیهاندا رێکەوتنێکی یەکسان و بەرابەری کرد. ئەو پشتیوانی لە ڕێکەوتنەکە دەکات و دەپرسێت، " ئەگەر ڕێکەوتنەکە ئەوەندە خراپ بوو، ئەوەندە یەک لایەنە بوو، بۆچی ئەمەریکا نەیتوانی لەشەڕ کەڵک وەربگرێت؟"

ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا

سەبارەت بە داهاتوو و دوورنمای ئەو دوو وڵاتە، زەریف باوەڕی وایە " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرگێز لەگەڵ پاراستنی پێناسەی کۆماری ئیسلامیدا هاودەنگ نابێت؛ هەرگیز هەموو مەسەلەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمەریکا چارەسەر نابێت، بەڵام باوەڕم وایە ئێمە دەبێت لە نێوخۆی ئێراندا بە لێکتێگەیشتن و سازان بکەین."

زەریف دەڵێت لە ساڵی ١٩٩١ بە روحانی گوتووە کە دەبێت لیستێک سازبکەین و بڵێین لەگەڵ ئەمەریکا گرفتمان هەیە و ئەمەریکاش لەگەڵ ئێمە گرفتی هەیە؛ ئەو گرفتانە لەگەڵ یەکتر بۆ چارەسەرکردن دەبن و ئەمانەش نابن، بەڵام نامانەوێت پێناسەی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکەین و بە فەرمی ناسینی رژیمی "سەهیونیەت" یش [ئیسرائیل] هەروەتر. دەتوانین پێیان بڵێین لەو چوارچێوەیەدا دەتوانین کاربکەین و لەو چوارچێوەیەشدا ناتوانین کاربکەین.

ئەو هەروەها بە ڕوحانی گوتووە ئەو وڵاتانەی پەیوەندیـیان لەگەڵ یەکتر هەیە مەرج نییە لە هەموو بابەتەکاندا لە گەڵ یەکتر کۆکبن. بەبێ ئەمەریکا لە گەمارۆکان رزگار نابین و پێویست بە دوژمنایەتی و دژایەتی یەکتر ناکات.

کاردانەوە دوای بڵاوبوونەوەی وتووێژی محەمەد جەواد زەریف

لە ماوەی وتووێژەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار بە میوانداری کەناڵی ڕادیۆیی دەڵێت کە ئەم وتووێژە نابێت بڵاوبێتەوە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی، زەریف رۆژی یەکشەمە لەسەر ئینستاگرام داوای لێبوردنی هێنایەوە کە لێدوانەکانی بۆتە هۆی "دڵگرانبوونی" رێبەری باڵای ئێران عەلی خامەنەیی.

ئەمەش دوای ئەوە بوو کە خامەنەیی لە گوتارێکی سەر تەلەفزیون هەمان ڕۆژ بێ ئەوەی ناوی زەریف بهێنێت گوتی ئەو لێدوانانە "هەڵەیەکی گەورەبوون کە نەدەکرا لە لایەن کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامی یەوە بگوترێت." هەروەها گوتی ئەو لێدوانانە "دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوژمنانی ئێران دەیڵێن."

دوای گوتەکانی خامەنەیی بوو کە زەریف گوتی ئەو لێدوانانە "لە لایەن دوژمنانی وڵات و خەڵک دزراون و بۆ مەبەستی کەڵکی خراپ وەرگرتن بڵاوکراونەتەوە."

هەروەها زەریف لە پەیامێکی لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی قاسم سولەیمانی کرد.

ئەو وتووێژەی زەریف لە لایەن کاناڵێکی هەواڵەکان، فارسی زمان، بنکە لە لەندەن بڵاوکرایەوە.

بە گوێری ئاژانسی هەواڵەکانی نیوە فەرمی کۆماری ئیسلامی "ئیسنا" ئێران گەمارۆی خستە سەر ١٥ کەس لەوانەی لە ئاشکراکردنی فایلی دەنگی وتووێژی زەریفدا دەستیان هەبووە.