فەرماندەیەکی پێشمەرگە: فیرقەیەکی سوپا لە ژێر ڕکێفی حەشددا بوو، بۆیە گواسترایەوە

حکومەتی عێراق فیرقەی 5 ی سوپای عێراق لە پارێزگای دیالەوە دەگوێزێتەوە بۆ پارێزگای ئەنبار، فیرقەی 1 ی سوپای عێراقیش دەهێنێتە پارێزگای دیالە و جێگیری دەکات، بەرپرسانی پێشمەرگەش هۆکاری گۆڕانکاریەکە بۆ ئەوەدەگێڕنەوە، کە فیرقەی 5 چووبووە ژێر ڕکێفی حەشدی شەعبیەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە_ حەمرین ی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت"داعش لەسنوری پێشمەرگە چالاکی کەم بووەتەوە، جم و جۆڵەکانی زیاتر لە قوڵایی ناوچەکانی سوپا و حەشدی شەعبیدایە، بەتایبەت لە باشوری کەرکوک و خورماتوو."

ناوچەی پەڵکانەی نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو، کە بەیەکێک لە پێگەکانی داعش دادەنرێت، ناوبەناو هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری فەرەنسیەکان ئۆپەراسیۆن لەو ناوچەیە ئەنجام دەدەن، لەو بارەیەوە فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت"غەڕە و پەڵکانە داعشی تێدایە، ناوبەناو ژمارەی چەکدارەکانیان لەو ناوچەیە بۆ 35 چەکدار کەم دەبێتەوە، هەندێکجاریش دەگاتە 70 چەکدار، غەڕەو پەڵکانە شوێنی پشوودانی هەندێک سەرکردەی داعشە، کە لەوێ پشوو دەدەن و دواتر دەپەڕنەوە بەرەو حەمرین، بۆیە پێشمەرگە و فەرەنسیەکان چاویان لەسەر ئەو ناوچەیە."

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق فیرقەی 5 ی سوپای لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیالەوە بۆ پارێزگای ئەنبار گواستەوە، فیرقەی 1 ی سوپای لە دیالە جێگیرکرد، لیوا محەمەد هەژار دەڵێت"حکومەت گۆڕانکاریەکە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، گوایە فیرقەی 1 لەساڵی 2017 هەماهەنگیان لەگەڵ پێشمەرگە هەبووە، بۆیە ئەو فیرقەیان هێناوە تا لێکگەیشتن هەبێت، بەڵام خوێندنەوەی ئێمە جۆرێکی ترە."

سەبارەت بەخوێندنەوەی پێشمەرگە بۆ گۆڕانگاریەکە، لیوا محەمەد وتی"پێمانوایە فیرقەی 5 زۆر لە ژێر ڕکێفی حەشددا بوو، بۆیە عێراق فیرقەی 1 هێنرا، تا لەژێر ڕکێفی حەشد نەمێنن."

فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاشکراشیکرد، ئەمەریکاییەکان ئاگاداری شوێن گۆڕکێی نێوان فیرقەی 5 و فیرقەی 1 ی سوپای عێراق بوون، ڕەنگە لەبەغداش بەدواداچوونیان بۆ هۆکاری گۆڕانکاریەکە کردبێت.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد هەژار جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە-حەمرین ی پێشمەرگە، سەبارەت بە چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی فیرقەی 5 ی سوپا لەلایەن حەشدەوە، وتی"سوپای عێراق بە ڕەبیەکانی حەشد دەورە درابوون، یەک سەربازی عێراقیبوونی نیە بەرامبەر ڕەبیەکانی پێشمەرگە هەمووی حەشدە، بەتایبەت لە سنوری خانەقین، لەکاتێکدا دەبێت ڕەبیەکانی سوپا هاوسنور بن لەگەڵ ڕەبیەکانی پێشمەرگە."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر