فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، ئەو جم و جۆڵ و هێرشانەی داعش لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین و موسڵ ئەنجامیان دەدات، هەمان ئەو چەکدارانە ئەنجامی دەدەن کە لە نێوان ئەو پارێزگایانەدا هاتووچۆ دەکەن و ژمارەیان150 بۆ 250 چەکدارە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک، دەڵێت "هێزە عێراقیەکان لە ناحیەکانی ڕیاز و ڕەشاد لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و توانای بەرەنگاربوونەوەی هەموو هێرشێکی داعشیان هەیە، لە ڕووی هەواڵگیری و ڕووەکانی تریشەوە، بەردەوام چاودێری داعش دەکرێت."
جەختیشیکردەوە "پەلاماردانە سنوردارەکانی داعش و تەقاندنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا، ئاماژەن بۆ لاوازی داعش، کە توانای هێرشی گەورە و ئەنجامدانی هێرشیان لەڕۆژدا نییە."
فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، ژمارەی چەکدارەکانی داعشی لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و موسڵی بە 150 بۆ 250 چەکدار ناوبرد، وتی "ئەم ژمارەیە کۆکراوەی هەموو چەکدارەکانیانن، هەر جارە و لە پارێزگایەک هێرش ئەنجام دەدەن، شوێنی ئازادیان نییە، تێیدا بمێننەوە، تەنها شەوان جم و جۆڵیان هەیە."
عەمید کاوە غەریب ئاشکراشیکرد، داعش توانای دزەکردنی بە سنورەکانی عێراق و سوریا و تەنانەت گەیشتنیشیان بە ئەڤغانستان هەیە، وتی"دزە کردن هەیە، بەڵام ناتوانن بە هێزی گەورە و چەکی قورسەوە، سنوری نێوان عێراق و سوریا ببەزێنن."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک، ڕوونیکردەوە داعش فیکرە و ئایدۆلۆژیایە، خەڵکیان هەیە بێ گەڕانەوە بۆ ڕێکخراوەکە، ئامادەن خۆیان بتەقێننەوە، وتی"فیکری داعشی، فیکرێکی فەردی یە، ئامادەن تەنانەت لە لەندەنیش خۆیان بتەقێننەوە، تا هەڵایەکی ئیعلامی دروست بکەن."
Your browser doesn’t support HTML5