وەزیرى كۆچ و كۆچبەرانى حكومەتى عێراق ، دەڵێت پرۆسە سەربازیەكانى پارێزگاى ئەنبار ئاوارەبوونى ژمارەیەكى زۆر هاوڵاتى مەدەنى لێكەوتووەتەوە ، كە وەزارەتەكەى سەرقاڵى گەیاندنى فریاگوزارى خێرایە بۆ ئەو ئاوارانە.
دكتۆر دەرباز محەمەد، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"تا ئێستا نزیكەى 65 هەزار هاوڵاتى دانیشتوى فەلوجە ئاوارەى ناوچەكانى ترى پارێزگاى ئەنبار بوون ، كە فریاگوزارى خێراى وەكو خۆراك و پێخەف یان پێگەیەنراوە."
وتیشى"تا ئێستا ڕوون نیە لەو ناوچانەى كە لەژێر كۆنترۆڵى داعشدا ماون ، خەڵكى مەدەنیان تێدا ماوە یان نا."
سەبارەت بەو هەواڵانەى لەبارەى دەست درێژى كردنە سەر ئاوارەكان لەلایەن هێزەكانى حەشدى شەعبى یەوە بڵاودەكرێنەوە ، دكتۆر دەرباز محەمەد وتى"ئێمە لیژنەى تایبەتمان نیە كە بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلە بكات ، ئەوە زیاتر پسپۆرى رێكخراوەكانى بوارى مافى مرۆڤە."
بەپێى وتەى وەزیرى كۆچ و كۆچبەرانى عێراق ، بەهۆى گەرمى و تۆزاوى بوونى ژینگەى پارێزگاى ئەنبار ئاوارەكان لەدۆخێكى خراپدان ، وتى"بەدەمەوە چوونى ئاوارەكان پێویستى بەهەوڵێكى نێودەوڵەتى ناوخۆیى هەیە ، بەڵام باشترین چارەسەر پاككردنەوەى ناوچەكانیانە لە بۆمبى چێنراو و گێرانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان."
ئاوارەبوونى ئەو هەزاران خێزانەى دانیشتووى فەلوجەى ئەنبار، لەكاتێكدایە شەرێكى قورس لەنێوان چەكدارەكانى داعش و هێزە عێراقیەكان بەردەوامى هەیە و هێزە عێراقیەكان بەشێكى زۆر لەشارى فەلوجەیان كۆنترۆڵكردووە.
Your browser doesn’t support HTML5