خۆکوژێـک خۆی لە نێو چادرێکی ڕێوڕەسمی عاشورا لە بەغدا دەتەقێنێتەوە و لە ئاکامدا 7 کەس دەکوژرێن

بەرپرسێکی پۆلیسی عێراق دەڵێت هێرشبەرێکی خۆکوژ کە پشتێنێکی پڕ تەقەمەنی لەخۆ بەستبوو ڕۆژی دووشەممە لە بەغدای پایتەخت خۆی لە نێو چادرێکدا تەقاندووەتەوە، کە لە نێویدا قاوە و ئاو پێشکەش بە ئامادەبووانی شیعە ئاینزا دەکرا، ئەوانەی ئامادەی رێوڕەسمی عاشورا ببوون. لە ئاکامدا 7 کەس بەلای کەم گیانیان لەدەست داوە.

هێرشەکە لە گەڕەکی شەعبی خۆرهەڵاتی پایتەخت ئەنجام درابوو. بەرپرسانی پۆلیسی بەغدا دەڵێن بەلای کەم 2 پۆلیس لە نێو کوژراواندان و هەروەها 19 کەسیش برینداربوون.

جێی ئاماژەیە لەو دەمەوەی ڕێوڕەسمی موحەرەم لەم مانگەدا دەستی پێکردووە، داعش لە عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش ڕاگەیاندووە کە کرابوونە سەر ڕێوڕەسمەکانی عاشورا.