پێشبینی بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی 12 کورسیەکەی کەرکوک بەسەر پێکهاتەکاندا

هەتا دێت وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبێتەوە، کە بڕیارە لەمانگی 10 ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، پێکهاتەکانی کەرکوکیش سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام سەرجەم پێکهاتەکان بە لیست و کاندیدی جیا دەچنە نێو پرۆسەکەوە، لەهەموو پێکهاتەکان پەرتەوازەتر لەو پارێزگایە، عەرەبی سونەیە.

کورد بە چەندین لیست و هاوپەیمانێتی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن لە کەرکوک، یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بە لیستێک و پارتیش بە لیستێکی جیا، نەوەی نوێش کاندیدی لەو شارە هەیە و چەند کەسایەتیەکیش وەکو سەربەخۆ، دەچنە نێو ڕکابەریەکەوە.

تورکمانەکانیش هاوشێوەی کورد بەچەندین لیستی جیا دەچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، زۆربەی لایەنە تورکمانیە سونەکان بەرەیەکیان پێکهێناوە و پێکەوە بەشداری پرۆسەکە دەکەن، بەڵام کەسایەتیە تورکمانیە شیعەکان، دابەشبوون بەسەر لیستە شیعیەکاندا و هەر کەسایەتیە و لەلیستێکدایە.

لەکورد و تورکمان پەرتەوازەتر لەکەرکوک، عەرەبی سونەیە، کە ژمارەیەکی زۆر کاندیدیان هەیە و هەر کاندیدە و لەچوارچێوەی حیزب و هاوپەیمانێتیەکدا خۆی کاندید کردووە، بەتایبەت ڕکابەریەکی بەهێز لەنێوان کوتلەی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و کوتلەی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی لە ئارادایە.

ڕەملە عوبەیدی کاندیدی هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی حەلبوسی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ژمارەی کاندیدەکانی عەرەبی سونە لە بازنەکان دەگۆڕێت، لە بازنەی دووەم، واتە بەشێک ناو شاری کەرکوک و باشوری شارەکە، کە 4 کورسی بۆ دانراوە، بۆ 3 پیاو و ژنێک ، وەکو عەرەبی سونە و لەچوارچێوەی حیزب و هاوپەیمانێتی جیاوازدا، 28 کاندیدمان هەیە."

وتیشی"لەبازنەی سێ یەم، کە حەویجە دەگرێتەوە و 3 کورسی بۆ دانراوە، وەکو حیزب و هاوپەیمانێتیە جیاوازەکان، 39 بۆ 48 کاندیدمان هەیە، بەدیاریکراوی ژمارەکە نازانم، بەڵام لەبازنەی یەکەم کە ناوچە کوردنیشینەکان دەگرێتەوە، ژمارەی کاندیدەکانمان کەمترە، پێموایە 5 بۆ 6 کاندیدە لە ژن و پیاو."

کەرکوک لە 3 بازنە پێکهاتووە، بازنەی یەکەم، باکوری کەرکوک و رۆژهەڵات و ناوچە کوردنیشینەکان دەگرێتەوە و 5 کورسی بۆ دانراوە، چاوەڕوان دەکرێت کورد هەر 5 کورسیەکە ببات، پەرتەوازەیی لایەنە کوردیەکان لەم بازنەیە کاریگەری نابێت لەسەر دەنگی کورد وەکو پێکهاتە، چونکە ڕکابەریەکە لەنێوان لایەنە کوردیەکاندایە و کورسیەکان هەر بۆ لایەنی کوردی دەبن.

لە بازنەی سێ یەمیش کە ڕۆژاوای کەرکوک و حەویجە دەگرێتەوە و 3 کورسی بۆ دانراوە، لایەنە عەرەبیەکان هەرچەندە پەرتەوازەبن، پەرتەوازە بوونیان زیان بە عەرەبی سونە ناگەیەنێت وەکو پێکهاتە، بەو پێ یەی هەر 3 کورسیەکە بۆ عەرەب یەکلایی بووەتەوە و ڕکابەریەکە لەنێوان لایەنە عەرەبیەکاندایە، کە لەم بازنەیە، لەڕووی سیاسیەوە ڕکابەریەکی توند لەنێوان کوتلەی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لەنێوان عەشیرەتی جبوری و عوبەیدیدا هەیە.

دەربارەی ڕکابەری نێوان جەمسەرە سیاسیەکانی عەرەبی سونە لەکەرکوک، ڕەملە عوبەیدی دەڵێت"ناتوانین بەراورد بکەین، وەکو هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانی، کاندیدەکانمان ئەکادیمی و باشن، هەڵوێستیان هەبووە لە بواری سیاسیدا و پێشتر لە ئەنجومەنی پارێزگاکان و نوێنەران کاریان کردووە، باکگراوەندی سیاسیان هەیە."

جەختیشیکردەوە"هاوپەیمانێتی عەزمیش بەهەمانشێوە، تێیاندایە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا کاریکردووەتەوە، بەڵام قورسایی کاندیدەکان پشت بە مێژوویان دەبەستێ، پشت بە دەستکراوەیی و توانا و خەباتی ڕابردوویان دەبەستێت لە پێناو مەسەلە چارەنوسسازەکان."

بەم پێ یە، بازنەی یەکەم کە 5 کورسیە، بۆ کورد یەکلایی بووەتەوە، بازنەی سێ یەم کە ڕۆژاوای کەرکوک و حەویجەیە بۆ عەرەب یەکلایی بووەتەوە، بۆیە ڕکابەریە بەهێزەکە لە بازنەی دووەم ڕوودەدات کە بەشێک ناو شاری کەرکوک و باشوری شارەکە دەگرێتەوە، لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکەدا، کە 4 کورسی لەم بازنەیە هەیە و قوڵایی پێگەی تورکمانە، بەڵام کورد و عەرەبیش چاویان لە کورسی ئەم بازنەیە.

تورکمان دەیەوێت لە 4 کورسیەکەی بازنەی دووەم سێ کورسی ببات، بەو پێیەی بەقوڵایی دەنگدەری خۆی دەزانێت، بەڵام گرفتی تورکمان دابەشبوونیانە بەسەر کاندیدی سونە و شیعەدا،کە بەشێکی زۆر لە کەسایەتیە تورکمانە شیعەکان لە نێو لیستە شیعیەکاندا بەشداری پرۆسەکە دەکەن، ڕەنگە ئەم پەرتەوازەییە زیانیان پێ بگەیەنێت.

عەرەبی سونەش چاوی لە 2 کورسی یە، لە 4 کورسیەکەی بازنەی دووەم، بەهەمانشێوە ئەم پێکهاتەش دابەشبوون بەسەر دوو هاوپەیمانێتی بەهێزدا، کە هاوپەیمانێتی عەزم و هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی نیشتیمانیە، ئەمە جگە لەچەندین حیزب و کاندیدی سەربەخۆی تر، ڕەنگە پەرتەوازەیی گرفت بۆ ئەمانیش دروست بکات.

سەبارەت بە کوردیش کە ژمارەیەک دەنگدەری لە بازنەی دووەم هەیە، دەیەوێت بەلای کەمەوە کورسیەک لەو 4 کورسیە ببات و ژمارەی کورسیەکانی لەکەرکوک بگەیەنێتە 6 کورسی، واتە بەتەنها ئەوەندەی عەرەب و تورکمان کورسی ببات، بەڵام دیسانەوە یەکدەنگ نەبوون مایەی گرفتە بۆ کورد، بەو پێ یەی پارتی کاندیدێک و یەکێتیش دوو کاندیدی هەیە.

ڕەملە عوبەیدی بازنەی دووەمی هەڵبژاردنی کەرکوکی بە چارەنوسساز بۆ هەموو پێکهاتەکان ناوبرد، وتی"بازنەی دووەم، بازنەیەکی گرنگ و چارەنوسسازە بۆ هەموو پێکهاتەکان، چونکە هەموو پێکهاتەکان دەنگیان لەم بازنە هەیە، پێچەوانەی بازنەی یەک کە بۆ کورد و بازنەی سێ یەم بۆ عەرەبی سونە یەکلایی بووەتەوە، بۆیە بازنەی دووەم، یەکلایی کەرەوە و چارەنوسسازە بە نیسبەت ئێمەوە وەکو پێکهاتەی عەرەبی سونە."

جەختیشیکردەوە" عەرەبی سونە 200 بۆ 210 هەزار دەنگدەری لەبازنەی دوو هەیە، تورکمان نزیکەی 90 هەزار دەنگدەر و کوردیش نزیکەی 30 هەزار دەنگدەری هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ڕکابەریەکی توند لەم بازنەیە ڕووبدات، ئەم بازنە چارەنوسسازە بەنیسبەت ئێمەوە."

13 کورسی پەرلەمانی عێراق بۆ پارێزگای کەرکوک دانراوە، کورسیەکیان هی کەمایەتیەکانە و کورد و عەرەب و تورکمان لەسەر 12 کورسی ڕکابەری دەکەن، کە لەئێستاوە 5 کورسی بۆ کورد و 3 کورسی بۆ عەرەبی سونە یەکلایی بووەتەوە، ڕکابەریەکە لە سەر 4 کورسیەکەی بازنەی دووەمە.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر