پێدەچێت پاش بڕیاری بەشداریکردنەکەی موقتەدا ئەلسەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، ئیتر ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی وڵاتەکە کە بڕیارە ڕۆژی 10ی مانگی 10 بکرێت بەرەو یەکلابوونەوە بڕوات و هەڵبژاردنەکە بکرێت، هەرچەندە هێشتاش گومانەکان لەسەر ئەگەر و نەگەری کردنی هەڵبژاردن نەڕەویونەتەوە.
هەڵبژاردنی پێشوەخت، یەکێک بوو لە داوا سەرەکییەکانی مەیدانەکانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە عێراقدا.
لە مانگی 10ی ساڵی 2019وە شەپۆلیكی ناڕەزایی دەربڕین لە عێراقدا دەستیپێکرد و حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی ناچار کرا دەست لە کار بکێشێتەوە.
خۆپیشاندەران لەوکاتەوە تا ئێستاش ڕووبەڕووی کوشتن و دەستگیرکردن و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن و جۆرەکانی تری پێشێلکاری دەبنەوە.
زۆر جار لە مەیدانی تەحریری بەغدا و مەیدانەکانی تری شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە کە بووبوونە سەکۆی دەنگە ناڕەزاکان؛ گوێبیستی ئەوە دەبووین، هێزە میلیشیاییە نایاساییەکان ئەو پێشێلکاریانەیان کردوە بەرامبەر خۆپیشاندەران، هەروەها دەسەڵاتدارانی عێراقیشیان بە بێتوانا ناودێر دەکرد بۆ ڕێگە گرتن لەو پێشێلکاریانە.
بەشێکی بەرچاوی ئەو میلیشیا نایاساییانە، لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018دا توانییان ببنە خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا؛ ئەم هەنگاوەش بووە مایەی ترس و نیگەرانی لای کۆمەڵگەی سیڤیلی وڵاتەکە، لەو ڕوانگەیەوەی ڕەوایی دراوە بەو هێزە میلیشیاییە نایاساییانە لەناو پەرلەماندا.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی
لەگەڵ ئەوەشدا کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت، یەکێک بووە لە داوا سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی سیڤیلی عێراق، بەڵام بەو مانایە نییە کە چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافەکان بە گومانەوە نەڕواننە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە؛ گومان لەوەی ئەمجارەش هەمان دەموچاوەکانی 18 ساڵی ڕابردوو جارێکی تریش بە ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، ببنەوە خاوەنی بڕیارە چارەنوسسازەکان لە عێراقدا.
پێشتر لە پەرلەمانی عێراقدا، یاسای هەڵبژاردن وەک دەگوترێت گۆڕانکاری تیادا کراوە، بەدوایدا گۆڕانکارییەکی تریش لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا کرا. ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەش بەپێی ئەو یاسا و ڕێسا نوێیانەی هەڵبژاردن دەکرێت.
بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەو گۆڕانکاریانە نابنە مایەی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە هاوکێشە سیاسییەکانی پێشووی وڵاتەکەدا و وەک دەشڵێن دەشێت جارێکی تریش خواست و خەونی مەیدانەکانی خۆپیشاندەران بخاتەوە ناو بۆتەی بێهیواییەکی ترەوە.
لە ڕەوشی ئێستای وڵاتێکی وەک عێراقدا، گرنگ نییە کێ چ پۆستێک بەدەست دەهێنێت، بەڵکو وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن "گرنگ ئەوەیە چی لە توانادا دەبێت بیکات بۆ ئێستا و بۆ ئایندەی وڵاتەکە."
هەرچۆنێک بێت لە تەواوی عێراقدا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەستیان پێکردوە و جارێکی تریش (هەر هیچ نەبێت ئەوەی تا ئێستا بەدی دەکرێت) لایەنە سیاسییەکان بێ لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی یەکتر کە هەر خۆیان بە "لاپەڕە ڕەشەکان" ناودێری دەکەن، هیچ پڕۆژەیەکی ئەوتۆیان بۆ دەنگدەرانی خۆیان نەخستۆتە ڕوو، هەروەها درێژە دەدەن بە گوتار و بانگەوازە پڕ لە دروشمەکان.
ئەگەر، بەشدارییەکی زۆر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا نەکرێت، ئیتر چۆن گۆڕانکاری دێتە ئاراوە؟
ئایا هەڵبژاردن لە عێراقدا دەبێتە پایەیەک یان سەکۆیەک بۆ دیموکراتی لەو وڵاتەدا؟
ئایا هاوپەیمانێتییە نوێیەکان لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراقدا، دەتوانن هاوکێشەی سیاسی عێراق بگۆڕن؟
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5