سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت لە پاش داخستنی سندوقەکانی دەنگدان ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن کۆمسیۆنەوە سازدەکرێت بۆ ڕاگەیاندنی ڕێژەی بەشداری خەڵکی و پاشان وردبینی دەکرێت لە ئەنجامی دەنگدانەکانی دەرەوەی وڵات و ئاوارەکان و دوای کۆکردنەوەیان لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە ماوەی 48 کاژمێر ئەنجامە سەرەتایـیەکان ڕادگەیەنرێن.
مەعەن ئەلهیتاوی ئەمڕۆ شەممە لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەمەی ڕاگەیاند و کۆمەڵێک زانیاری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پـرۆسەی دەنگدانەکە ئاشکراکرد.
ئەمڕۆ کۆمسیۆن ناوەندەکانی دەنگدانی کردەوە کە ژمارەیان زیاترە لە 7919 ناوەندی دەنگدان لە تەواوی عێراق و لە ژێر ئەو ناوەندانەش زیاتر لە 49 هەزار وێستگەی دەنگدان هەن. هەموو ئەم وێستگانە بە شێوەیەکی تەواو پـێشتر ئامادەکراون و کارمەندانی پـێویستیان بۆ دابینکراون و مەشق و ڕاهێنان بەو کارمەندانە کراون لەسەر چۆنیەتی کارپـێکردنی ئامێرەکان.
ئەمڕۆ ئێمە لە وێستگەی ژمارەیە یەکین کە بۆ کەسایەتیـیە باڵاکان دەستنیشانکراوە، وە ئێستا بەشداریـیەکی زۆر لە لایەن ڕێبەرانی قەوارە سیاسیـیەکان و شاندەکانی تایبەت بە دەوڵەتی عێراق هەیە بۆ مومارەسەکردنی مافە دەسـتوریـیەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا وە هەروەها ئامۆژگاریکردنی دەنگدەرانیان لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەوە بەرەو وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدان بڕۆن بەشداری بکەن بەهۆی گرنگی ئەم هەڵبژاردنانەوە.
لە تەواوی ناوەندەکانی دەنگدان ژوری بەڕێوەبەردنی کارەکان هەن و هەروەها ژورێکیش لە ناوەند هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمیتەی ئاسایشی باڵا و شارەزایانی ئەو کۆمپانیایانەی ئەو ئامێرانەیان دروستکردووە، ئەمەش بە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی کۆمسیۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تاوەکو چاودێری بکەن و دڵنیابن لەوەی پـرۆسەی هەڵبژاردنەکە بە تەواوی بەڕێوەدەچێت و هەروەها چۆن دەنگدەران بەرەو ئەو وێستگە و ناوەندانە دەڕۆن.
ئەوەی لە کاژمێرەکانی زووی بەیانیدا بەدیمان کرد، خواستێکی ڕاستەقینە هەیە لە لایەن ڕۆڵەکانی خەڵکی عێراقەوە بۆ ڕۆیشتن بەرەو بنکەکانی دەنگدان تاوەکو دەنگی خۆیان بدەن و بەشداری چالاکانە لەم هەڵبژاردنەدا بکەن.
سەبارەت بەو کێشە و گرفتانەی لە پـرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا هەبوون، مەعەن ئەلهیتاوی گوتی ئەوە شتێکی ئاسایییە، چونکە پـرۆسەی دەنگدانی تایبەت جیاوازە لە پـرۆسەی دەنگدانی گشتی. پـرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی زۆر زیاتر ورد دەبێت و ئامۆژگاری هەیە لە فەرماندە ئاسایشیـیەکانەوە، ئەمانەش وەهاینکرد فشارێک لەسەر ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان دروستببن وە هەروەها ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانی هێزەکانی لەشکر کە بە شێوەیەکی ناڕێکخراوانە ڕۆیان لە وێستگەکانی دەنگدان کردبوو وەهای کرد فشارێک بۆ سەر کارمەندانی کۆمسیۆن دروستببێت لە پـرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا. ئەمڕۆ لە پـرۆسەی دەنگدانی گشتی ئەو گرژیـیە و هەڵانە نابینرێن و خەڵکی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە دەنگ دەدەن و لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندی دەنگدان لە هەموو شوێن و ناوچەیەک لە پارێزگاکان هەن.
گوتیشی هەموو حاڵەتە هەڵەکانی لە پـرۆسەی دەنگدانی تایبەت هەبوون لە لایەن کۆمسیۆنەوە چارەسەرکراون لە ڕێگەی شارەزایانی ئەو کۆمپانیایانەی ئامێرەکانیان دروستکردووە، بۆیە هیچ مەترسیـیەک نیـیە و هەموو خەڵکی عێراق دڵنیا دەکەینەوە کە کۆمسیۆن بە تەواوی کۆنترۆڵی تەکنەلۆجیای هەڵبژاردنەکەی کردووە و ئەنجامەکان ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینە دەبن بۆ خواستی خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە.
مەعەن ئەلهیتاوی گوتیشی لە پاش داخستنی سندوقەکانی دەنگدان ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن کۆمسیۆنەوە سازدەکرێت بۆ ڕاگەیاندنی ڕێژەی بەشداری خەڵکی و پاشان وردبینی دەکرێت لە ئەنجامی دەنگدانەکانی دەرەوەی وڵات و ئاوارەکان و دوای کۆکردنەوەیان لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت لە ماوەی 48 کاژمێر ئەنجامە سەرەتایـیەکان ڕادگەیەنرێن. بەڵام دەکرێت لە ئەمڕۆوە نوێنەرانی هەموو قەوارە سیاسیـیەکان کە لە ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان هەن ئەنجامەکانیان دەسـتبکەوێت لە لایەن ئەو وێستگانەوە لە ڕێگەی شریتە ئەلیکترۆنیـیەکەی ئامێرەکان دەریان دەکەن و لە ڕێگەیانەوە دەکرێت بزانرێت لیست و کاندیدەکان چەند دەنگیان لەو ناوەند و وێستگانە بەدەستهێناوە.
لە بارەی سکاڵاکانەوە گوتی، مەسەلەی تۆمارکردنی سکاڵا مافێکی ئاسایی و دەستوری هەموو نوێنەرانی قەوارە سیاسیـیەکان و دەنگدەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیـیە وە بۆ ئەم مەبەستە کۆمسیۆن ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ سکاڵاکان دەستنیشانکردووە کە لە ڕێگەی پـڕکردنەوەی فۆرمێک دەبێت پـێشتر بۆ سکاڵاکان ئامادەکراوە و بە فۆرمی 110 ناسراوە.
گوتی ئەگەر پـێشێلکاریـیەک یان ئامێرەکان پەکخرابوون یان پـڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن کرابوون لە ڕۆژی دەنگدانەکە لە لایەن کاندیدەکان و قەوارە سیاسیـیەکان ئەوا دەکرێت سکاڵا تۆماربکرێت و ئەنجومەنی کۆمسیۆن دەبێت تاووتوێیان بکات لە ماوەی سێ ڕۆژ لەوەی سکاڵاکە دەگاتە بارەگای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وە پاشان بڕیاری گونجاوی لەسەر دەدرێت لە لایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنەوە، وە هەروەها مافی دەستەی دادوەریی باڵایە ئەنجامی سکاڵاکان پەسەندبکات یان ڕەتیانبکاتەوە و لە لایەن قەوارە سیاسیـیەکانەوە تانەی لێبگیرێت.
لە بارەی سکاڵاکان لەسەر پـرۆسەی دەنگدانی تایبەت گوتی لە ڕۆژی پـرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە تەواوی عێراق 15 سکاڵایان بەدەست گەیشتووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ سکاڵایەکیان لە بارەی پـرۆسەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەدەست نەگەیشتووە. گوتیشی پـێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ سکاڵاکانی دەرەوە بگەن، چونکە پـرۆسەی دەنگدان لە دەرەوە کاتەکانیان جیاوازە و لە هەر وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جودایە، بۆیە بەپـێی ماوەی یاسایی سکاڵاکان بۆ کۆمسیۆن ڕەوانەدەکرێن.