پـێچەوانەی چاوەڕوانیەکانی شەقامی عێراقی و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ لیستێکی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق پیشکەش نەکرد، لە کاتێکدا چاوەڕوانی دروستکردنی لیست و ململانێی هێزە "تەقلیدیە" شیعەکانی لێدەکرا.
هەرچەندە لایەنە سیاسیەکان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لەمانگی 10 ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ئێستاوە کۆمەڵێک گرفت و ناڕەزایەتی دروستبووە، دوور نیە ئەو گرفتانە ببنە هۆی دووبارە دواخستنەوەی ئەو هەڵبژاردنە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هێزە شیعیە چەک بەدەستەکان ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئێستادا بەهۆکارێک بۆ لاوازکردنی پێگەیان دەزانن و لەگەڵ ئەنجامدانی نین، هەروەک چالاکوانەکانی عێراقیش کە وەکو نوێنەری "ڕاپەڕیوانی" عێراق لێیان دەڕوانرێت، گەشبین نین بە هێنانە کایەی گۆڕانکاری بەهۆی هەڵبژاردنی داهاتووەوە، بەهۆکاری فشارەکانی سەریان.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە یاسای نوێی هەڵبژاردن، خزمەتی هێنانە پێشەوەی هاوکێشەیەکی نوێی سیاسی ناکات، کە لەساڵی 2019 خەڵکی عێراق بۆی ڕاپەڕی، دەڵێت"یاسا نوێ یەکە لەخزمەتی هێزە گەورەکاندایە، هێزە بچوکەکانی ناچارکرد بەچەند کورسیەک ڕازی بن و بەشێکی زۆر لە مەساحەی دەنگەکانیان بۆ حیزبە گەورەکان جیبهێڵن."
سستمی هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بازنەی گەورەوە بۆ بازنەی بچوک گۆڕاوە، ئەمەش وادەکات هێزە بچوکەکان نەتوانن لەبازنەی بچوکدا ململانێی هێزە گەورەکان بکەن و دەنگەکانیان بەفێرۆ بڕوات.
هۆشیار عەبدوڵا، جەختیشیکردەوە"ئەو خەڵکانەشی لەناوچەکانی عێراق خۆیان کاندیدکردووە، یان تیرۆر دەکرێن، یاخود هەڕەشەیان لێدەکرێت و دووردەخرێنەوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستاوە پارە و هێزی دەوڵەت خراوەتە خزمەتی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنەوە، بۆیە نیگەرانیەکی زۆر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستبووە، ئومێدی گۆڕانکاری لاواز بووە."
باڵادەستبوونەوەی هێزە سیاسیەکان کە شەقامی عێراقی لە دژیان خرۆشا، لەکاتێکدایە پێشوەخت جۆرێک ئومێد لەسەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵچنرابوو، بەوەی جوڵەکانی بچێتە خزمەتی خواستەکانی خەڵکەوە، بەڵام هیچکام لەو بەڵێنانەی پێ جێبەجێنەکرا کە بەخەڵکی دابوو، هەر لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی خۆپیشاندانەوە تا دەگاتە چاکسازی و لاوازکردنی پێگەی میلیشیاکان.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لەبەغداوە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کۆبوونەوەیەک لە نێوان کازمی و هێزە شیعیەکان دوور لەچاوی میدیاکان ئەنجامدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کازمی توڕە و نیگەرانی پێگەیاندوون، بەوەی هێزە چەک بەدەستەکان ڕێگرن لەبەردەم هەنگاوەکانیدا."
سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، لە بارەی هۆکاری دروست نەکردنی لیست لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، کۆمەڵێک بۆچوونی نێو سیاسیەکانی عێراقی بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، وتی"هەندێک لە سیاسیەکان پێیانوایە کازمی پێشتر بەڵێنی دروست نەکردنی لیستی دابوو، بوو بە بەڵێنەکەی خۆیەوە، بەشێکی تریشیان وایدەبینن، کازمی دڵنیابووە لەوەی گەر لیستیشی هەبێت، هێندە دەنگ ناهێنێت، پۆستەکەی بەدەست بهێنێتەوە، بۆیە تەماعی ئەوەی هەیە لەحاڵەتی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان جارێکی تر بهێنرێتە پێشەوە، گومانێکی تریش ئەوەیە، سەدریەکان بەڵێنێکیان پێدابێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا، قورسە کازمی جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران."
بەڵام هۆشیار عەبدوڵا، پێیوایە کازمی بۆیە خۆی کاندید نەکردەوە، چونکە پێشتر ئەو بەڵێنەی دابوو، جەختیشیکردەوە"دروست نەکردنی لیست لەلایەن کازمیەوە بەمانای چوونە دەرەوەی نیە لەپرۆسەی سیاسی عێراق، ڕەنگە جۆرێک ڕێککەوتنی هەبێت لەگەڵ سەدریەکان یان هەر هێزێکی تر، ئینجا مەرج نیە ئەوەی لیستی نەبوو، نەتوانێت پۆستی تەنفیزی وەربگرێت بە سەرۆکایەتی وەزیرانیشەوە، کشانەوەی کازمی ڕێککەوتن بوو یاخود نە، هەموو لێکدانەوە و ئەگەرەکان کراوەن لەو ڕووەوە."
بە ڕای هۆشیار عەبدوڵا، دروست نەکردنی لیست لەلایەن کازمیەوە بڕیارێکی دروستبوو، چونکە مۆدێلی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووی عێراق، لە جەعفەریەوە بۆ مالکی، لەویشەوە تا دەگاتە عەبادی، مۆدێلی خۆ کاندیدکردن و دروستکردنی لیست بوو، لانیکەم هەنگاوەکەی کازمی جیاواز و باشبوو.
لە حاڵەتی جارێکی تر کاندیدکردنەوەی کازمیشدا بۆ پۆستەکەی کە ئەگەرێکی قورسە، چاوەڕوانی هەنگاوی گەورەی لێناکرێت، بەو پێ یەی ناتوانێت سنور بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکان دابنێت و هیچ کوتلەیەکی گەورەشی لە پشت نابێت، تا لەنێو پەرلەماندا پشتگیری هەنگاوەکانی بکات.
Your browser doesn’t support HTML5