ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی سێـیەم

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

بەشی سێیەم:

سەبارەت بە دەسـتگیرکردنی هەڕەمەکی لە وڵاتەکە، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت دەستوری وڵاتەکە ڕێگە بە دەسـتگیرکردنی هەڕەمەکی نادات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاسای حاڵەتی نائاسایی وڵاتەکە دەسەڵاتێکی زۆر بە هێزەکانی ئاسایشی دەدات بۆ دەسـتگیرکردن، کاتێـک حکومەت حاڵەتی نائاسایی ڕابگەیەنێت. لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەندان ڕاپـۆرت هەن لە بارەی دەسـتگیرکردنی هەڕەمەکی.

لە مانگی هەشت کارمەندێـکی ڕێکخراوێـکی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتی کردووە کە تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە دەسـتگیرکردنی کەسانی ئاوارە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە بەغدا و لە لایەن حەشدی شەعبیـیەوە لە ناوچەی دیکە. پاشان بە یارمەتی هەردوو وەزارەتی داد و ناوخۆ نوێنەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی توانیویەتی سەردانی ئەو ئاوارە دەسـتگیرکراوانە بکات، بەڵام ڕێگەیان پـێنەداوە بە تەنیا وتووێژیان لەگەڵدا ئەنجام بدات. لە ماوەی ئەو ساڵە ڕاپۆرت هەبوون سەبارەت بە دەسـتگیرکردنی خەڵکی نێو ئاوارەکان بە پلەی یەکەم لە نێو سووننەکاندا.

پاشان ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات بەپـێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان هەندێـک جار دەسەڵاتداران کەسانی بێ گوناهیان ئازاد نەکردووە هەتا ئەو کاتەی بەرتیلیان وەرگرتووە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردسـتان، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بەپـێی ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان و سەرۆکی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق، دەسـتگیرکراو هەبوون بۆ ماوەی شەش مانگ بەبێ دادگایی‌کردن لە زیندانەکانی ئاسایشی هەرێمدا هێڵراونەتەوە.

پاشان ڕاپـۆرتەکە باسی دەسـتگیرکراوێکی هەرێمی کوردسـتان دەکات، دەڵێت بەپـێی میدیا خۆجێـیەکان لە 6 ی مانگی هەشت دەسەڵاتداران چالاکوانێـکی کۆمەڵگەی سیڤیلیان لە شاری ڕانیەی پارێزگای سلێمانی دەسـتگیرکرد و پاشان لە لایەن دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی کوردسـتانەوە ئازاردراوە لەسەر بەشداریکردنی لە خۆپـیشاندانێـک لە 27 ی مانگی حەوت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر کەمی خزمەتگوزاریـیەکان لە شاری ڕانیە. کەسوکاری قانع بۆ میدیاکانیان ڕاگەیاند کاربەدەسـتان ڕێگەیان پـێنەداون سەردانی کوڕەکەیان لە زینداندا بکەن.

لە باشوری عێراقیش، ڕاپۆرتەکە دەڵێت حەشدی شەعبی شیعەکان کەسانی سووننەیان دەسـتگیرکردووە لەو ناوچانەی لە داعش ڕزگارکراون. دەڵێت لە مانگی دوازدەی ساڵی 2014 میدیا خۆجێـیەکان ڕاپۆرتیان کرد کە دەڵێت ئەندامانی حەشدی شەعبی شیعە 200 ژن و منداڵیان بۆ ماوەیەکی نادیار دەسـتگیرکردووە لە شاری حلـلەی ناوەندی پارێزگای بابل پاش ئەوەی هێزەکانی حکومەت و حەشدی شەعبی لە لیوای بەدر و کەتائب حزبوڵڵا ناوچەی جورف ئەلسەخریان ڕزگارکرد. ژنەکان بە میدیاکانی نێودەوڵەتیـیان گوتووە ئەندامانی حەشدی شەعبی ژمارەیەکی نەزانراو لە پـیاوەکانیان جیاکردوونەتەوە و بردوویانن و هەتا کۆتایی ساڵ هیچ لە بارەی چارەنووسی ئەو پـیاوانە نازانراوە.

سەبارەت بە داعش، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش خەڵکی دەسـتگیرکراون بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی ڕەخنە لە داعش دەگرن. لە مانگی حەوت 350 کەس لە دانیشتوانی موسڵیان دەسـتگیرکردووە کە زۆربەیان سەرباز و پـۆلیس و خانەنشینی لەشکر و مەلای ئاینی بوون. هیچ زانیاریـیەک سەبارەت بە چارەنووسیان نیـیە، بەڵام لە 27 ی مانگی حەوت میدیا خۆجێـیەکان ڕایانگەیاند تەرمی 120 کەس دۆزراونەتەوە کە دەڵێن لە لایەن داعشەوە گولـلەباران کراون.

سەبارەت بە ڕۆڵی پـۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش، ڕاپۆرتەکە دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی عێراق لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای دژە تێرۆرن. وەزارەتی ناوخۆ ئەرکی جێبەجێکردنی یاسای لەسەرە لە نێو شار و شارۆچکەکان و هەروەها بە پشـت بەستن بە پـۆلیسی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەتیان لەسەر شانە. هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەرکی پاراستنی وڵاتەکەیان لەسەر شانە، بەڵام لەگەڵ ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆش کاریشیان کردووە. دەزگای دژە تێرۆر کە لە سێ لیوای هێزی تایبەت پـێکهاتووە دەڵێن ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرە. حەشدی شەعبیش کە زۆربەیان شیعەن و لە لایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێن لە 40 گروپی جیاواز پـێکهاتوون.

لە بارەی هەرێمی کوردسـتان، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت هەردوو پارتی سەرەکی کوردی پارتی دیموکراتی کوردسـتان و یەکێتی نیشتمانی کوردسـتان هێشتا دەزگای ئاسایشی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەپـێی دەسـتوری فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان مافی ئەوەی هەیە هێزی پاسەوانی هەرێمەکەیان هەبێت و لە لایەن حکومەتی ناوەندیـیەوە پـشتیوانی دارایی بکرێت و لە ژێر سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمدا بمێنـنەوە. بەو پـێـیە حکومەتی هەرێم وەزارەتی کاروباری پـێشمەرگەی دامەزراندووە. 12 لیوای هێزی پـیادە لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی کاروباری پـێشمەرگەن، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردسـتان کۆنترۆڵی بە دەیان هەزار کەسی لەشکری دەکەن.

پارتی دیموکراتی کوردسـتان یەکەی ئاسایشی خۆی (ئاسایش) و دەزگای موخابەراتی خۆی (پاراستن) هێشتووەتەوە. یەکێتی نیشتمانی کوردسـتانیش ئەویش یەکەی ئاسایشی خۆی (ئاسایش) و دەزگای موخابەراتی خۆی (زانیاری) هێشتووەتەوە. ڕاپۆرتەکە دەشڵێت هاوکات هەردوو پارتەکە بە ناو هەنگاویان ناوە بۆ یەکخستنی دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی، هێشتا جودان، لەوەتای ڕێبەرە سیاسیـیەکانی پارتەکان لە ڕێگەی کەناڵە حزبیـیەکانەوە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنترۆڵیان کردوون.