دەنگدەرانی عێراق لە هەڵبژاردنەکەی ئەم هەفتەیەدا سزای لایەنەکانی سەر بە ئێرانیان لە وڵاتەکەیاندا دا، بەڵام کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ملیشا شیعەکانی سەر بە ئێران لە وڵاتەکەدا هێشتا ئامانجێکی هەستیاری سیاسییە.
سەرکەوتووی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە موقتەدا ئەلسەدری کەسایەتی ئاینی شیعەیە، کەسێکی پاپۆلیست کە خۆی وەک هێزێکی دژ بە هەردوو ئێران و ئەمەریکاش نیشان دەدات.
سەدر ئەنجامەکانی بە " سەرکەوتنێکی خەڵکی بەسەر ملیشاکاندا" لەقەڵەمدا. ئەمەش جێی خۆشحاڵی پشتیوانانی بوو .
یوسف محەمەد گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان کە لە ئێستاداکاری نییە لە ناوچەی سەدری بەغدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " گرنگتریش شتی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە وڵاتانی بیانی وەکو ئێران نەیانتوانی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن." ئەو گوتیشی " ئێمە لەو کاتەوە لە خۆشیا ئاهەنگ دەگێڕین."
کوتلەی سەدر کە ئێستاشگەورەترین کوتلەیە لە پەرلەمانی 329 کورسی عێراقدا، کورسییەکانی لە 54 وەگەیشتووەتە زیاتر لە 70 کورسی پەرلەمان ( هەرچەندە هێشتا ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن ڕانەگەیەندراوە)، لە هەمانکاتدا کوتلەی فەتحی هاوپەیمانی ملیشاکانی سەر بە ئێران لە 48 کورسییەوە دابەزیون بۆ 14 کورسی.
بە شێوەیەکی نائاساییش کوتلەی سوننەکان بوون بە دووهەم کوتلە کە ئەمەش بەرزترین ئاستیان بووە لەوەتای ڕووخانی سەدام حسێنەوە. بەڵام هێشتا نیشانەی ئەوە هەیە کە کاریگەرییەکانی تاران لەسەر وڵاتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دەمێنێتەوە. سەرۆک وەزیری پێشووی عێراق نوری ئەلمالکی، دۆستێکی ئێران، کە پشتیوانی ئێران دەکات سێهەمی هێناوەو نزیکەی 37 کورسی هەیە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت دیپلۆماتێکی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاندووە ئیسماعیل قائانی سەرۆکی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گەیشتووەتە بەغدا لە کاتێکدا ئەنجامە بەراییەکان بڵاو دەکرێنەوە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکانی ئێران بهێڵێتەوە.
ئەو دیپلۆماتە ڕۆژئاواییە گوتوشییەتی " بە پێی زانیارییەکانمان قائانی بەشداری کۆبونەوەیەکی کردووە لەگەڵ ( لایەنە شیعەکان)دا. ئەوان هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی گەورەترین کوتلە لە پەرلەماندا دروست بکەن هەرچەندە ئەە زۆر زەحمەت دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتی سەدردا."
تاران و بەغدا هەردووکیان بە ئاشکرا ڕەتیان کردووەتەو کە قائانی لە عێراق بووبێت، بەڵام دوو سەرچاوەی ئێرانی کە ڕۆیتەرز پەیوەندی پێوە کردوون پشتڕاستیان کردووەتەوە.
عێراق لە ساڵی 2003 وە بووە بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران.
لە ساڵی 2014 کاتێک یەک لەسەر سێی عێراق لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرا، واشنتن و تاران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەوتنە یەک بەرەی شەڕەوەو هەردوولا هاوکاریان بۆ بەغدا دابین کرد لە شەڕی دژ بە داعشدا. بەڵام کاتێک لە ساڵی 2017 داعش شکستی پێهات، ملیشا شیعەکانی سەر بە ئێران سەریان هەڵداو بەشێکی زۆری وڵاتەکەیان کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2019شدا ناڕەزایی لێکەوتەوە و سەدان هەزار گەنجی عێراقی بە شێوەیەکی سەرەکی ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی گەندەڵی و بێکاری و کاریگەری دەرەکی. هێزە ئەمنییەکان و گروپە چەکدارەکان 600 کەسیان لێ کوشتن. لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانە سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی نزیک لە ئێران فشاری بۆ برا دەستلەکار بکێشێتەوە و ڕێگە خۆشکرا بۆ ئەم هەڵبژاردنانە.