ماوەی چەندین ساڵە تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ماندوونەناسانە گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان هەڵداوەتەوە، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراق فەرمانی پێکردوون دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵن، شوێنێکی زۆر ماونەتەوە کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
تیمەکە کارێکی زۆرییان کردووە بۆ دەرهێنانەوەی لاشەی مرۆڤەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی باکووری عێراقدا، کە بەڵگەن لەسەر دۆسییە هەرە دڕندانەکانی کۆمەڵکوژی لەم سەدەیەدا: کوشتنی گەلی ئێزیدی لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە.
تیمەکە ئێستا کاتی زۆر لەبەردەستدا نەماوە بۆ تۆمارکردنی کۆمەڵکوژییەکەی داعش لە ساڵی 2014 دا، لە هەڵمەتێکیدا بۆ کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی ئێزیدییەکان، کە مەبەست لێی لە ناوبردنییان بووە وەکو گروپێکی نەژادی و ئایینی.
حکومەتی عێراق کەمتر لە دوو هەفتەی داوە بە تیمە نێودەوڵەتییەکە تاوەکو لێکۆڵینەوەکانییان تەواو بکەن، کە پێکهاتوون لە شارەزایانی نێودەوڵەتی و بەرپرسن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەرەوەی تەلەعفەری عێراق، هێشتا دەیان گۆڕی بە کۆمەڵی دیکە ماونەتەوە کە هەڵنەدراونەتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە بەڵگەی گرنگییان تێدایە بۆ دروستکردنی دۆسییەیەک بۆ سزادانی ئەندامانی داعش.
عێراق دەستیکردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە دە ساڵە پەیڕەویی کردوون: داخستنی ئەو کامپانەی کە ئاوارە ئێزیدییەکانی تێدایە، لە سێدارەدانی تاوانبارانی داعش و کۆتایی هێنان بە نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.
ئەم بڕیارەی عێراق بڕیارێکی دڵشکێنە بۆ خێزانەکانی نزیکەی 2700 هاووڵاتی ئێزیدی بێسەروشوێنبوو، هەر ئێسکێک کە دەدۆزرێتەوە دەکرێت نادیارییەک چارەسەر بکات و ئێسکی کەسێکی خۆشەویست بێت کە لە دوای دەسەڵاتە تیرۆرەکەی داعشەوە نەبیندراوەتەوە.
دوای شکستهێنان بە داعش لە ساڵی 2017 دا و ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵکرابوون و بینینی ئەو کارە دڕندانانەی کە داعش تێیاندا ئەنجامی دابوون، لەسەر داوای عێراق نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی لێکۆڵەرەوانی پێکهێنا بۆ دەستکەوتن و تۆمارکردن و هەڵگرتنی بەڵگەکانی ئەو تاوانانە تاوەکو دادگاکان لە سەرانسەری جیهاندا بتوانن بەکارییان بهێنن دژی تاوانباران. بەرپرسانی عێراق لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بە لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند کە تەنها یەک ساڵییان لەبەردەستدا ماوە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەیان.
لە کۆی هەزاران ئێزیدی کە هێشتا بێسەروشوێنن، لاشەی کەمتر لە 700 کەس دۆزراونەتەوە و تەنها 243 کەسییان ناسراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ خێزانەکانییان.
ئالان ڕۆبنسنی سەرۆکی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیوۆرک تایمزی گوتووە کارکردن لە عەلو عەنتەر کە چاڵێکی سروشتییە زۆر قورس و ئاڵۆزە، بەڵام دۆزینەوەکان گرنگ بوون.
گوتشیەتی هەندێک لە تەرمەکان خرابوونە ناو عەلاگەوە، هەندێکییان جلە پرتەقاڵییەکانییان لەبەردابووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڤیدیۆکانی داعشدا دەبیندران. ئەوانی دیکە لە تەنیشت فڵچەی ددان و حەبی فشاری خوێنەوە دۆزراونەتەوە کە ڕەنگە کاتێک هەڵاتبێتن لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن. زۆربەی قوربانییەکان دەستییان لە پشتەوە بەستراوەتەوە و هەندێکی دیکەیان چاوییان بەستراوەتەوە. هەندێکییان بە فیشەک لێیان دراوە و هەندێکیان وادەردەکەوێت بە پاڵنانییان بۆ ناو چاڵەکە مردبێتن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کەش و هەوا ئاڵۆزەکەی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە تەرمەکان وەکو مۆمیایان لێهاتووە لە جیاتی ئەوەی هەر ئێسکییان بمێنێتەوە، ئەوەش وایکردووە بۆنێکی زۆر توند و ناخۆشییان لێبێت کاتێک گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە.
بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکەی تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری عێراق بۆ جەختکردنەوە لە سەروەری نیشتیمانی خۆی لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئەمەریکا هێشتا لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە و زۆرێک لە سیاسییەکانی عێراقیش زۆر نزیکن لە ئێرانەوە.