بەرپرسێكى یەكێتى: داعش لە نزیك دەریاچەى حەمرین فێرگەى سەربازى داناوە

هێزەكانى داعش لەناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە دەركەوتوونەتەوە و بەپێى وتەى بەرپرسانى ناوچەكەش لەنزیك دەریاچەى حەمرین فێرگەى سەربازیان داناوە و لەوێوە ناحیەى قەرەتەپە هاوەن باران دەكەن.

محەمەد عومەر بەرپرسى كۆمیتەى قەرەتەپەى یەكێتى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"چەند شەوێك لەمەوبەر داعش ناحیەى قەرەتەپەى هاوەن بارانكردووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خێزان ماڵەكانیان چۆڵكردووە."

بەپێى وتەى بەرپرسەكەى یەكێتى ، هەندێك ناوچە هەن لەنزیك دەریاچەى حەمرین ناوچەى سەختن و داعش رۆیشتووەتە ئەو ناوچانە ، كە گومان دەكرێت فێرگەى سەربازى دانابێت و مەشەق بەلایەنگرانى بكات.

دوو شەو لەمەوبەر داعش نزیكەى دە هاوەنى ئاراستەى گەرِەكەكانى باشورى رۆژئاواى ناحیەى قەرەتەپە كرد كە دانیشتوانەكەى توركمانى شیعە مەزهەبن و ، بەو هۆیەوە ژمارەیەك خێزان ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت.

لاى خۆشیەوە عەقید كاوە محەمەد فەرماندەى پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە، ئاماژەى بەوەكرد هێزەكانى داعش لەناوچەكانى مەندەلى و باشورى خانەقین پەیدا بوونەتەوە ، وتى"دوو شەو لەمەوبەر هێرشیانكردووەتە سەر رەبیەكانى سوپاى عێراق و ژمارەیەك سەربازیان كوشتووە."

دەركەوتنەوەى داعش لە ناوچە كوردستانیەكانى دیالە، لە كاتێكدایە لە ماوەى 13 ساڵى رابردوودا ئەو ناوچانە لانكەى گروپە چەكدارە توندرەوەكان بووە ، بەڵام ماوەى زیاتر لە ساڵێكە و بەتایبەت دواى دەرهێنانى سەعدیە و جەلەلاو لەبن دەستى داعش لەناوچەكەدا بوونیان نەماوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر