گۆڕێـکی بە کۆمەڵ لە پارێزگای ئەنبار دەدۆزرێتەوە

سەرچاوە ئاسایشی و خۆجێـیەکان لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق دەڵێن گۆڕێـکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە تەرمی 40 کەسی تێدایە لەوانەی داعش لە ساڵی 2015 کوشتونی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند ئەفسەرێـکی لەشکری عێراق گوتویەتی گۆڕێـکی بە کۆمەڵیان لە ناوچەی ئەلتاشی باشوری شاری ڕومادی دۆزیوەتەوە و تەرمی کەسانێـکی تێدایە کە داعش گولـلەبارانی کردوون.

گوتیشی گۆڕەکە بە سەرپەرشتی هێزەکانی ئاسایش و دەزگا تەندروستیـیەکان و کاربەدەسـتانی دەزگای شەهیدانەوە هەڵدراوەتەوە. باسی لەوەش کرد ژمارەی قوربانیـیەکان دەسـتنیشانکراوە و تەرمەکان تێـکچوون و ئاسەواری گولـلە بەسەریانەوەیە.

عەمار نوری ئەلدلێمی بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدان لە پارێزگای ئەنبار هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی 40 تەرم لە گۆڕەکەدا دۆزراونەتەوە و هەموویان پـیاون.

مانگی پـێنجی ڕابردووش دەسەڵاتدارانی عێراق 3 گۆڕی بە کۆمەڵیان لە ناوچەی جیاجیای ئەنبار دۆزیوەتەوە، یەک لەوانە لە ناوەڕاستی شاری ڕومادی کە تەرمی کەسی سیڤیل و لەشکری تێدابوو.

داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 شاری ڕومادی داگیرکرد، بەڵام هێزەکانی عێراق لە پاش ساڵێـک توانیان ڕزگاری بکەن.