لەگەڵ ڕووداوەکاندا: داعش و هێرشەکان لە عێراق

وێنەیەکی ئەو شوێنەی هێرشە خۆکوژییەکانی بەغدای تیادا کران.

جارێکی تریش تێرۆریستانی داعش بەغدای پایتەختی عێراقیان هەژاندەوە. 2 هێرشبەری خۆکوژ لەناوجەرگەی بەغدا خۆیان دەتەقێننەوە و بەلانیکەم 32 کەس دەکوژن و دەیانی تریش بریندارن.

هاوکاتی ئەو 2 هێرشە خۆکوژییە، تێرۆریستان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆڕێژکراو لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، دیالە، کەرکوک، ئەنبار، نەینەوا، ناوبەناو هێرشدەکەن و خەڵکی بێتاوان دەکەنە ئامانج.

لە ساڵی 2017دا بوو، حەیدەر ئەلعەبادی، سەرەک وەزیری ئەوکاتەی عێراق سەرکەوتنی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بەسەر ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستیەدا پاش ئازادکردنی شاری موسڵ.
لە سوریاش دوابەدوای تێکشکاندنی داعش لە شاری ڕققە، پایتەختی دیفاکتۆی دەوڵەتە خەلافەتییەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، کۆتاییهێنان بە داعش ڕاگەیەندرا.

دواتر، نزیکەی 5 کیلۆمەتر دوور لە سنوری تورکیاوە و لەناو خاکی سوریادا، لە کردەیەکی هاوبەشی لەشکریانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، سەرۆکی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی، کوژرا.


میوانی بەرنامە:

کەریم شوکر، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

دوابەدوای ئەو سەرکەوتنانە بەسەر داعشدا، زۆرێک لە چاودێر لەوبڕوایەدابوون، مەترسییەکانی داعش تەواو نەبوون و جەختیان دەکردەوە لەوەی بێجگە لە شانە نوستووەکانی داعش، شییانی تریش هەن، وەک ئەوەی داعش بە فۆرمێکی نوێوە سەرهەڵبداتەوە، یان ڕێکخراوی تری توندڕەوتریش لە داعش دروست ببێت.

بەڵگەشیان لێرەدا ئەوە بووە کە ئەو هەلومەرجانەی داعش و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تری لەسەر دروست بوون، وەک خۆیان ماونەتەوە و هەوڵی نەهێشتنی زەمینەکانی دروستبوون و تۆکمەبووی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان نەدراوە.

جا بە پێداچوونەوە بەو ڕەوشەی لە عێراقدا هەیە، جێی خۆیەتی بپرسین؛ لە ساڵی 2017وە هێزە ئاسایشی و هەواڵگری و دژە تێرۆرەکان لەو وڵاتەدا بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە چ بەرنامە و پلانێکیان هەبووە بۆ هەر هیچ نەبێت کەمکردنەوەی شەڕانگێزی و خوێنڕشتن لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەوە؟

لەبیرمان نەچێت پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە عێراق، گەورەترین ئەرک پاراستن و پارێزگاریکردن لەو سەرکەوتنانە بووە، بەڵام جارێکی تر دەرکەوتنەوەی داعش و ئەو هێرش و کوشتارانەی بەردەوامن، وەهایان کردووە گومانێکی زۆر دروست بێت لەسەر درێژەکێشانی ئەو سەرکەوتنانە.

تەواوی سەرکەوتنەکان لە بەرەی شەڕی دژی داعشدا بە یارمەتی و کۆمەکی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بوون.

کەریم شوکر، بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: داعش و هێرشەکان لە عێراق