زانیاری لە بارەی دەستگیرکردنی ڕێبەرێکی داعش لە لایەن عێراقەوە

کاربەدەستانی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی ڕێبەرێکی داعشیان ڕاگەیاند و دەڵێن بە ئۆپەراسیۆنێکی قورسدا توانیویانە لە ئەوروپاوە بهێننەوە نزیک سنووری عێراق و دەستگیری بکەن.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بەرەبەیانی دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی هەواڵەکەی بە کورتی بە هەرسێ زمانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی:

" ئەوکاتەی چاوی قارەمانەکانی هێزە ئەمنییەکان بێداربوون بۆ پاراستنی هەڵبژاردن، باسکە ڕەسەنەکەیان لە دەزگای هەواڵگری پرۆسەیەکی قورسی هەواڵگرییان لە دەرەوەی سنور ئەنجام دا بۆ دەستگیرکردنی سامی جەمال ناوێک کە سەرپەرشتیاری دارایی داعش و جێگری ئەبوبەکر بەغدادی گۆڕبەگۆڕە.بژی عێراق"

هاوکات ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق (خلية الإعلام الأمني) ئەویش هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی ئەم تاوانبارە (سامي جاسم محمد جعاطة العجوز الجبوري) کە بە ئەبو ئاسیا و ئەبو عەبدولقادر ئەلزوبەیدی ناودێرکرابوو، کەسێکی نزیکبووە لە عەبدوڵڵا قەرداشی ڕێبەری ئێستای داعش، وە دیوانی بیت ئەلمالی داعشی لە دەستدا بووە و جێگری والی دیجلەش بووە.

لە لایەکی دیکە کەناڵی سکای نیوز عەرەبیە دەڵێت سەرچاوەیەک وردەکاری دەستگیرکردنی ئەم ڕێبەرەی داعشی بۆ ئاشکراکردوون کە چۆن لە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپاوە توانیویانە وەهای لێبکەن بچێتە سوریا و لەوێ لەلایەن ئەفسەرانی هەواڵگری عێراق دەستگیرکراوە و شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەیەکی لەشکری توانیویانە بهێننەوە بۆ عێراق.