ململانێی نێوان کازمی و گروپە میلیشیاکان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە

حکومەتی عێراق لە هەنگاوەکانی بۆ لاوازکردنی گروپە چەکدارە میلیشیاکان بەردەوامە. لە نوێترین بڕیاریدا، جگە لە ئاڵای عێراق، هەڵکردنی هەموو جۆرە ئاڵایەکی لەسەر دام‌ودەزگا حکومیەکان قەدەغەکرد، بەم پـێـیە هەڵکردنی ئاڵای هێزەکانی حەشدی شەعبی لەمەودوا ڕێگەپێدراو نابێت.

دەرهێنانی چەک لە دەستی گروپە چەکدارەکانی میلیشیاکان و لاوازکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەشێکە لە ئەجێندا و کارنامەی حکومەتەکەی کازمی، بەڵام پێناچێت گروپە چەکدارەکان تا سەر تەماشاکەر و بێ دەنگ بن، بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ لە قاڵبدانیان.

ئەوەی کازمی بەرامبەر گروپە چەکدارەکان پشت ئەستورکردووە لەبەردەوامیدان بە هەنگاوەکانی، دابڕانی هێزە میلیشیاکانە لە شەقامی عێراقی و لاوازبوونی پێگەی جەماوەریانە، هەروەک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش، حکومەتی عێراق پاڵپشتیکاری زۆرە بۆ گێڕانەوەی سەروەری و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەی.

ئیسماعیل حەدیدی ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پێیوایە حەشدی شەعبی هەرچەندە هێزێکە بە یاسا ڕێکخراوە، بەڵام لەداهاتوودا، کار بۆ تواندنەوەی لە نێو هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق دەکرێت.

کوشت و بڕکردنی خۆپیشاندەران، دەستهەبوون لە بازرگانی و گەندەڵی دەروازە سنوریەکان، تا ڕادەیەکی زۆر ناو بانگی بەشێک لە هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی لەکەدار کردووە، ئەمەش حکومەتی عێراقی دەستکراوەتر کردووە، لە بەردەوامیدان بەهەنگاوەکانی لەدژی ئەو هێزە.

موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، هەرچەندە خاوەنی هێزی سەرایە سەلامە کە هێزەکەی بەشێکە لە حەشدی شەعبی، بەڵام نا ڕاستەوخۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشد و تێکەڵکردنی بە سوپاو پۆلیس دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"موقتەدا سەدر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێخۆشە، هەرچەندە ڕاستەوخۆ و بە زەقی داوای ناکات."

بەبڕوای سەرچاوەکە، سەدر گروپەکانی عەسایبی ئەهلی حەق و نوجەبا و حیزبوڵا بە رکابەری خۆی دەزانێت، پێیوایە هێز و پارە ئەو گروپانەی هێشتووەتەوە، وەک سەرچاوەکە دەڵێت"سەدر بە هەڵوەشاندنەوەی حەشد، لە رکابەرەکانی ڕزگاری دەبێت و خۆی تەنها لە گۆڕەپانەکەدا بە بەهێزی دەمێنێتەوە ."

هاوکات محەمەد حسێن بەرپرسی ناوەندی عێراقی بۆ شیکاری سیاسی و ئابوری، ئاماژەی بەوەکرد هێزە عێراقیەکان بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، بەرەیەکیان پشتگیری کازمی بۆ گێڕانەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت دەکەن، بەڵام بەرەکەی تر، کار بۆ مانەوەی هێزەکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت دەکەن.

محەمەد حسێن، دەڵێت"ئەم دوو بەرە لەململانێدان،لایەن و گروپەکانی نێو ئەم دوو بەرەیەش، خاوەنی ئامانج و ئەجێندای تایبەت بەخۆیانن، بەشێکیان بەرژەوەندیان لە مانەوەی چەکدایە لای میلیشیاکان، بەشەکەی تر دەرهێنانی چەک لەچنگی میلیشیاکان خواستیانە."

بەشێک لە گروپەکانی نێوحەشدی شەعبی، مل دان بە حکومەتی عێراق ڕەتدەکەنەوە، بەئێستاشەوە ناو بەناو ناوچەی سەوزی بەغدا موشەک باران دەکەن، ئەم گروپانە تۆمەتباریشن بە تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران.

هەرچەندە دادگای فیدرالی عێراق، ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و بەرگری پێشووی عێراق دەکرێت، لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەران، بەڵام بەشێک لە چاودێران، جدی بوونی حکومەت لەدەستگیرکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران، بەسەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزی لێکدەدەنەوە، چونکە تۆمەتبارەکان لەنێو گروپەکاندا باڵا دەستن.

محەمەد حسێن، ڕوونیکردەوە دۆخی عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، هەنگاوەکانی حکومەتەکەی کازمی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، هەنگاوی بچوک و شەرمنانەن، چونکە هەنگاوەکان بۆ دەستنیشانکردنی چەند کەسێکی کەم وەک تاوانباری کوشتنی خۆپیشاندەران، بەس نین، دەڵێت"هێزی ڕێکخراو خۆپیشاندەرانی کوشتووە، بەرپرسی گروپەکان تێوەگلاون، گەر کازمی بیەوێ بە تاوانبارکردنی چەند کەسێکی کەم، لەو بەڵێنە دەربازی ببێت، کەپێشتر داویەتی بەشەقام، ئەوا گروپەکانیش ڕەنگە لاریان نەبێت."

بارودۆخی ئێستای عێراق لەوپەڕی هەستیاریدایە، حکومەت هەنگاو بۆ لاوازکردنی گروپە چەکدارەکان دەهاوێژێت، گروپە چەکدارەکانیش هەر ڕۆژەو ناوچەیەک موشەک باران دەکەن، دەستبردنی حکومەت بۆ لەقاڵبدانی ئەو گروپانە ڕەنگە ئاڵۆزی گەورەی بەدوادا بێت، دەست بۆ نەبردنیشیان، دۆخی عێراق بە ناسەقامگیری دەهێڵێتەوە و هەموو هەوڵەکان بۆ چاکسازیش شکست پێدەهێنێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر