جارێکی تر کێشەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک سەرهەڵدەدەنەوە

جارێکی تر کێشەی نێوان پێکهاتە و لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک سەرهەڵدەداتەوە، تورکمان داوای ئەو پۆستە دەکات، کوردیش بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، لەنێو عەرەبیشدا ناکۆکی لەسەر دروستبووە.

پۆستی پارێزگاری کەرکوک، کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، لەلایەن ڕاکان جبوری جێگری پارێزگارەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، لەماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، زۆرترین مشت و مڕی لەسەر دروستبووە.

کورد دوای هەوڵێکی زۆر، بێ ئومێدبوو لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگار، بەڵام لەئێستادا تورکمانەکان داوای دەکەن و بەشێک لە عەرەبەکانی کەرکوکیش، داوای لابردنی ڕاکان جبوری و دانانی کەسێکی بێ لایەن دەکەن.

نەجات حسێن ئەندامی کوتلەی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"تا پێش 2003 پۆستی پارێزگار لای عەرەب بوو، دواتر 14 ساڵیش لای کورد بوو، ئێمەی تورکمانیش مافی خۆمانە، دووساڵ و تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو پۆستەمان لابێت."

داواکاری تورکمان بۆ پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، لەکاتێکدایە عەرەبەکانی کەرکوکیش گرفتی ناوخۆییان هەیە، بەشێکیان لە ئەدای جبوری ڕازی نین.

عەرەبەکانی کەرکوک دابەشبوون بەسەر بەرەی عەرەبی و ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی دا، کەجبوری سەرکردەیە لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی، بۆیە بەرەی عەرەبی داوای دوورخستنەوەی دەکەن.

بەرەی عەرەبی لەبەیاننامەیەکدا، داوای لەسەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، جبووری لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و کەسێکی بێ لایەن لەجێگەی دابنرێت، بەبیانووی ئەوەی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی و حیزبەکەی بەکارهێناوە.

دواتر ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی، بە بەیاننامەیەک وەڵامی بەرەی عەرەبی داوەتەوە و داکۆکی لەجبوری کردووە، ڕایگەیاندووە"ئەوان لە شەقام دا شکستیان هێناوە، هەوڵی نانەوەی پەرتەوازەیی دەدەن."

دروستبوونی کێشمەکێش لەنێوان عەرەب و تورکمان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک، لەکاتێکدایە کورد بەهۆی ناکۆکی نێوخۆیی و نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکان، دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ پۆستی پارێزگار بووە.

ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەکوتلەی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کەرکوک هی کورد بوو، بەڵام نەتوانرا بەڕێوەببرێ، بۆیە کەوتەوە دەست عێراق، بڕوام نیە جارێکی تر دەست کورد بکەوێتەوە."

وتیشی"کورد لەناوخۆیدا تەبا نیە، هەریەکەو لەئاوازێک دەخوێنێت، وڵاتانی دەوروبەریش دژین، بۆیە ڕێگە نادرێت کورد ڕۆڵەکەی جارانی هەبێت."

نائومێدبوونی کورد لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار، وایکردووە هێزە حوکمڕانەکانی هەرێم جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی کەرکوکدا بکەن، یەکێتی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی و پارتیش جیاوازتر مامەڵە دەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر