گروپێک چەکدار کە جلى سەربازیان لەبەردا بووە بەدەیان گەنجى دانیشتوى قەزاى خورماتوی سەربەپارێزگاى سەڵاحەدینیان رفاندووە و تا ئێستا چارەنوسى ئەو گەنجانە نادیارە.
محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گروپێک چەکدارى نەناسراو بەشەوان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و گەنجان دەرفێنن."
وتیشى"زۆربەى ئەو گەنجانەى رفێنراون عەرەب و تورکمانى سونەن و گروپە چەکدارەکانیش بۆ پارە دەیانرفێنن."
قەزاى خورماتوو کەبەیەکێک لەناوچانە کوردستانیەکانى پارێزگاى سەڵاحەدین دادەنرێت و ناوچەیەکى کێشەلەسەرە ، لەئێستادا چەند گەرەکێکى لەژێر کۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگە و هێزە کوردیەکاندا و حەشدى شەعبیش لەگەرەکە شیعەنیشینەکانى ئەو قەزایە باڵادەستە و زۆربەى ئەوانەشى کەرفێنراون نیشتەجێ ى گەرِەکە شیعەنیشینەکانن.
سەید عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى بێ ئاگایى خۆى لە رفاندنى گەنجان نیشانداو ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەندێک خەڵک بەگومانى هەبوونى پەیوەندى لەگەڵ داعش گیراون."
ماوەى چەند ساڵێکە کوشتن و رفاندن لەقەزاى خورماتو بەشێوەیەکى بەربڵاو سەریهەڵداوە و جگە لەکوژرانى سەدان کەس لەو قەزایە، چارەنوسى زیاتر لە 450 هاوڵاتى تورکمان و عەرەبى سونە کە لە چەند ساڵى رابردوودا رفێنراون نادیارە.
Your browser doesn’t support HTML5