بڕیاربوو چەند رۆژێک لەمەوبەر لیوایەک سەربازى کوردى سەرۆکایەتى کۆمار لەبەغداوە ڕەوانەى کەرکوک و خورماتو بکرێن، بەڵام تا ئێستا ئەو هێزە نەنێردراوە .
عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکو دانیشتوانى خورماتو بەهەموو شێوەیەک هاتنى هێزى سەرۆکایەتى کۆمار رەتدەکەینەوە، خۆپیشاندانمان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە و نوسراویشمان ئاڕاستەى لایەنى پەیوەندیدارکردووە."
وتیشى"خورماتو هیچ کێشەیەکى تێدا نیە و دۆخى ئەمنى زۆر باشە، بۆیە پێویست بەناردنى هێزى زیاتر ناکات."
قەزاى خورماتو لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵى حەشدى تورکمانى سەربە حەشدى شەعبیدایە، لەکاتێکدا کورد و عەرەبى سونە ئەو هێزە بەهێرشکردنە سەریان تۆمەتباردەکەن، هەربۆیە کوردەکانى قەزاکە کە لەئێستادا ئاوارەن گەرانەوە رەتدەکەنەوە، تائەوکاتەى ئەمنیەتى قەزاکەیان لەحەشدى تورکمانى وەردەگیرێتەوە.
حەسەن محەمەد نوێنەرى کوردانى خورماتو لە ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریاربوو لەرۆژانى رابردوودا هێزى سەرۆکایەتى کۆمار لەبەغداوە بگەیشتنایەتە خورماتو، بەڵام هێزەکە نەهاتووە."
جەختیشیکردەوە"ئەوان بەدواداچوون بۆ هۆکارى دواکەوتنى ناردنى هێزەکە دەکەن."
رۆژى سێشەمە لەنێو قەزاى خورماتودا شەڕ لەنێوان بەرەى تورکمانى و گروپى عەسایب ئەهلولحەقى شیعى روویداوە و شەڕەکە بۆ ماوەى نزیکەى کاتژمێرێک بەردەوام بووە، بەڵام بەرپرسانى حەشدى شەعبى هۆکارى شەرەکە بۆ کێشەى عەشایەرى دەگێرنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5