سەعدی پیرە: جاری پێشوو فرمانی لە سێدارەدان بۆ کاک کۆسرەت دەرچو بووە جێگری سەرۆکی هەرێم، ڕەنگە ئەمجارە بەم فەرمانە ببێتە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق

وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچونی فەرمی حیزبەکەی لەسەر فرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لەلایەن دادگایەکی عیراقیەوە ئاشکرا دەکات.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا وتی"کاک کۆسرەت پیاوێکی تێکۆشەرە ئەمە جاری یەکەم نیە فرمانی دەستگیرکردن بۆ کاک کۆسرەت دەردەچێت بەپێچەوانەوە ئەمە سێیەم جارە فرمانی دەستگیرکردن و تەنانەت لەسێدارەدانیشی بۆ دەربچێت بەڵام جاری پێشوو لەشەڕی ناوخۆدا کە فرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو لەلایەن برایانی پارتیەوە،دواتر بووە جێگری سەرۆکی هەرێم بەڵکو ئەمجارە بەو فرمانی دستگیرکردنە ببێتە جێگری سەرۆک کۆماری عیراق یا جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق.

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان فرمانی دەستگیرکردنەکەی بە بێ مانا ناوبرد و وتیشی"فرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر بەرگری کردن لە کورد و کوردستان بوە نەک تاوانێک، بۆیە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەجێ بەجێ کردنی نادەین و بەهیچ جۆرێک ڕادەستی دادگای ناکەین،دەبێت یەکێتیش بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە بکات بزانێت هۆکارەکەی چیە.

ئەمڕۆ ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری عیراق لەزاری (عەبدولستار بەیرەقدار) وتەبێژی ئەنجومەنەکە بڵاویکردەوە دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە فرمانی دەستگیرکردنی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەرکردوە بە پێی ماددە(٢٢٦)لە یاسای سزادانی عیراقی.