دواى رادەستکردنى ئەمنیەتى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین بەهێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا، حکومەتى عێراق دەیەوێت ئەمنیەتى شارى کەرکوکیش رادەستى هێزەکانى پۆلیسى ئیتیحادى بکات.
ئەڵماس فازڵ بریاردەرى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەبێت ئەمنیەتى کەرکوک رادەستى پۆلیسى کەرکوک بکرێت، کە هێزێکە سەرجەم کارمەندەکانى کەرکوکین."
بریاردەرى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، رەخنەى لە هێزە کوردیەکان گرت بەوەى پەرتەوازە و یەکدەنگ نین بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، وتى"گەر کورد پارێزگار وەربگرێتەوە، ئەمنیەت دەکەوێتە لاى پارێزگار، لەمحاڵەتەشدا زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن."
پێشتر حکومەتى عێراق ئەمنیەتى قەزاى خورماتوى لەهێزەکانى حەشدى تورکمانى وەرگرتۆتەوە و رادەستى هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێراى کرد، ئەوەش دواى سەردانى وەفدى کوردى بۆ بەغدا و بینینى سەرکردەکانى شیعە هات، کە حەشدى تورکمانیان بەسوتاندن و تەقاندنەوەى خانوەکانیان تۆمەتبارکردبوو.
رۆیشتنى هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا بۆ خورماتو، نارەزایەتى تورکمانە شیعەکانى لێکەوتەوەو چەند جارێک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەتایبەت دواى دەستگیرکردنى چەند فەرماندەیەکى گروپەکانى حەشدى شەعبى بەتۆمەتى پێشێلکارى لەلایەن ئەو هێزەوە.
نەجات حسێن فەرماندەى حەشدى شەعبى و ئەندامى کوتلەى تورکمانى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دۆخى ئەمنى کەرکوک زۆر باشەو پێویستى بەناردنى هێز نیە."
ئەمنیەتى کەرکوک و خورماتو پێشتر لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیە کوردیەکان دا بوو، بەڵام لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەوتۆتە دەست هێزەکانى حەشدى شەعبى.
Your browser doesn’t support HTML5