عەشیرەتە عەرەبەکانى دەوروبەرى ناحیەى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، بڕیارى خۆ پڕچەک کردنیان دا، بەبیانوى پاراستنى گوند و ناوچەکانیان لە هێرشى چەکدارانى داعش.
ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش دەرواتە سەر گوندەکان و خەڵک دەکوژێت و دەرفێنێت، بۆیە عەرەبەکانى ناوچەکە بریاریانداوە خۆیان پڕ چەک بکەن."
وتیشى"بوونى هێزە ئەمنیەکان لاوازە و ناتوانن خەڵکى ناوچەکە بپارێزن، بۆیە ئەوانیش ناچارن چەک هەڵبگرن."
بەپێى وتەى بەرپرسانى حەویجە، چاوەروان دەکرێت نزیکەى 500 کەس لەسنورى حەویجە چەک هەڵبگرن، لەچوارچێوەى بریارى عەشیرەتەکان بۆ ڕووبەروو بوونەوەى داعش.
نازم کەهیە سەرۆکى پارتى دیموکراتى تورکمانى سەربەخۆ کە بارەگاى حیزبەکەى لە ناحیەى تازە خورماتوى باشورى کەرکوکە، چەک هەڵگرتنى عەشایەرە عەرەبەکانى حەویجە بەبیانوى ڕووبەروو بوونەوەى داعش بەمەترسیەکى گەورە ناودەبات.
نازم کەهیە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"مەترسى هەیە ئەو عەشیرەتە عەرەبانە دوو سبەى چەکەکانیان بۆ شەڕى تایەفى و نەتەوەیى بەکاربهێنن."
وتیشى"دوور نیە ئەو عەشایەرانە تێیاندا بێت ئینتیماى بۆ داعش هەبێت ، لەم رێگەیەوە چەک بگاتە ئەو رێکخراوە."
خۆ پڕ چەککردنى عەشیرەتە عەرەبەکانى حەویجە، لەکاتێکدایە هێزە ئەمنیەکانى عێراق تواناى پاراستنى دانیشتوانى ناوچەکەى لە هێرشى چەکدارانى داعش نیە و بەشەوان ئەو هێزانە لەناوچەکە دەکشێنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5