حکومەتی عێراق نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی لولە نەوتیـیەکانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکات

حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە هەناردەکردنی نەوتی بیرەکانی کەرکوک لە ڕێگەی لولە نەوتیـیەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەنە تورکیا، ئەمەش پاش زیاتر لە ساڵێک لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی ئەو نەوتە.

عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە لە ئەمڕۆوە دەستکراوە بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و لە ئێستادا ڕۆژانە تەنیا لە نێوان 50 هەتا 100 هەزار بەرمیل لەو نەوتە هەناردەدەکەن، بۆیە کاریگەریـیەکی ئەوتۆی لەسەر کۆی هەناردە نەوتیـیەکانی عێراق نابێت.

دەشڵێت وەزارەتی نەوتی عێراق پـێداویستیـیە نەوتیـیەکانی هەندێک لە پاڵاوگە نەوتیـیەکانی باکوری وڵاتەکە دابیندەکات لە ڕێگەی بیرە نەوتیـیەکانی باشور، واتە ئەو نەوتەی پـێشتر لە بیرە نەوتیـیەکانی کەرکوکەوە دەدران بە هەندێک لە پاڵاوگەکانی باکور، ئێستا نەوتی بیرەکانی باشور شوێنیان دەگرێتەوە.

جێی ئاماژەیە لە پاش ئەوەی هێزەکانی حکومەتی عێراق لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بیرە نەوتیـیەکانی کەرکوکیان کۆنترۆڵکردەوە، هەناردەکردنی نەوت لەو بیرانەوە ڕاگیران کە مەزندە دەکرا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بووبن، بەمەش نزیکەی 8 ملیار دۆلار لە داهاتە نەوتیـیەکان کەمبوونەوە.

ڕۆیتەرز لە ڕاپـۆرتەکەی دەشڵێت یەکێک لەو گرفتانەی وتووێژەکانی نێوان بەغدا و هەولێری لە بارەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە ئاڵۆزکردووە، ئەوەیە کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسی لولە نەوتیـیەکەی کۆنترۆڵکردووە و پارە لەسەر هەناردەکردنی نەوت لەو لولەیە وەردەگرێت.

ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ڕووسنەفتی ڕووسی واژوکرد، بەوەش 60% ی لولە نەوتیـیەکە کەوتە ژێر دەستی ڕووسنەفت و 40% ی لە دەستی کار گروپ مایەوە.