پاش ئەوەی بە هەزاران خۆپـیشاندەر لە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 30 ی مانگی چوار هێرشیان کردە سەر بینای پەرلەمان عێراق لە بەغدا و پەلاماری ژمارەیەک پەرلەمانتارانیان دا، لەوانە هەندێـکیان کوردبوون. پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەرامبەردا بڕیاریان دا بەغدای پایتەخت جێبهێڵن و بەشداریـیان لە کارەکانی پەرلەمان هەڵپەسێرن.
بەڵام هەتا ئێسـتا سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆبوونەوەیەکی تایبەتی نەکردووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەگەر و نەگەری گەڕاندنەوەی نوێنەرانی کورد بۆ پەرلەمانی عێراق.
لە وتووێژێـکدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، خەسرەو گۆران سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردسـتان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە گوتی" جارێ هیچ شتێکی ڕوون و ئاشکرا نیـیە. بڕیاربوو ئێمە وەک سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرکردە سیاسیـیەکانمان کۆببینەوە و بڕیارێـکی کۆتایی لەوان وەربگرین سەبارەت بە گەڕانەوەمان یان نەگەڕانەوەمان، بەڵام هەتا ئێسـتا ئەو بڕیارە نەدراوە."
سەبارەت بەوەی لە میدیاکانی هەرێمی کوردسـتان ئاماژە بەوە کراوە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان گوتویەتی لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.
خەسرەو گۆران لەم بارەیەوە دەڵێت" بەڵێ لە میانەی پـرسیارێـکی یەکێک لە کەناڵە کوردیـیەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی ئەندامانی پەرلەمان، بەڕێز سەرۆکی حکومەت بەڵێ گوتبووی من پـێم باش نیـیە دابڕان لەگەڵ بەغدا ببێت، چونکە هێشتا ئێمە بەشێـکین لە عێراق و مانەوەی پەرلەمانتاران لە بەغدا گرنگە. بەڵێ ئەمەی گوتووە، بەڵام کەی و چۆن و بە چ مەرجێـک بگەڕێنەوە ئەمە جارێ باس نەکراوە."
Your browser doesn’t support HTML5