هێزى پـێشمەرگە هەڵكەندنى خەندەقى بەدەورى هەرێمدا ڕادەگرێت

پـرۆسەى هەڵكەندنى خەندەق لە نێوان هەرێمى كوردستان و ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى داعش و حەشدى شەعبى ڕاگیراوە و بەشێک لە فەرماندەكانى پێشمەرگەش هۆكارەكەى بۆ قەیرانى دارایى دەگێڕنەوە.

عەقید جمور ڕۆستەم فەرماندەى پێشمەرگە لە پارێزگاى دیالە ، ئاماژەى بەوەكرد لە جەلەولاوە بۆ ناوچەى كۆباشى باشورى خانەقین بە درێژایى 11 كیلۆمەتر خەندەقیان هەڵكەندووە ، وتى"بڕیاربوو خەندەقەكە هەتا ناوچەى نەفتخانە لە نزیک قەزاى مەندەلى بڕوات، بەڵام هەڵكەندنى خەندەق ڕاگیرا."

لە هەندێك ناوچە بە تایبەت باشور و ڕۆژئاواى كەركوک پرۆسەى هەڵكەندنى خەندەق تەواو بووە و دەوروبەرى خەندەقەكان تەلبەند و مین ڕێژیش كراون.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى پارێزگاى سەڵاحەدینى پـێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند" لە سنوورى قەزاى خورماتووش هەڵكەندنى خەندەق راگیراوە و هۆكارى ڕاگرتنەكەش لاى وەزارەتى پێشمەرگەیە."

بەڵام محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو ، هۆكارى راگرتنى خەندەقى لەسنورى خورماتوو لەلایەن پێشمەرگەوە بۆ قەیرانى دارایى گێرایەوە.

هەڵكەندنى خەندەق كە ساڵى پار لەلایەن هەرێمەوە دەستیپێكرا، بریاربوو بەدرێژایى 1050 كیلۆمەتر و لەموسڵەوە هەتا خانەقین خەندەق بەدەورى هەرێم دا لێبدرێت، ئەمەش نیگەرانى لاى حكومەتى عێراق دروستكرد بەوەى هەوڵێكە بۆ دیاریكردنى سنورى كوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر