شوان داودی: له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ هه‌واڵی شاندی ڕیفراندۆم ده‌زانین

شاندی کۆمیته‌ی ریفراندۆمی حکومه‌تی هه‌رێم چه‌ند رۆژێکه‌ له‌ به‌غدایه‌، ئامانجی وه‌فده‌که‌ وه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستان بانگه‌شه‌ی بۆ دەکرێت، قسه‌کردنه‌ له‌گه‌ڵ حکومەت و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کانە سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم.

هه‌رچی به‌یاننامه‌ی به‌رپرسه‌ عێراقییه‌کان ده‌بینی به‌ سه‌رۆکی وه‌زیرانیشه‌وه‌، به‌یه‌ک وشه‌ش باسی ئه‌وه‌ نه‌کراوه‌ که‌ ئه‌و پرسه‌ تاوتوێ کرابێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ شوان داودی په‌رله‌مانتاری کورد له‌ به‌غداد باس له‌وه‌ ده‌کات زانیاری له‌سه‌ر هاتنی ئه‌و وه‌فده‌ نه‌بووه‌، له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ زانیویه‌تی، ئه‌و ده‌ڵێت، هاتونه‌ته‌ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌مان کۆبوونه‌ته‌وه‌، بەڵام په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانیان نه‌بینیوه.

دەشڵێت‌ "له‌ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان یه‌ک شتیان پێ ده‌وترێت، ئاماده‌نین وتووێژ له‌سه‌ر هه‌ر شتێ بکه‌ین له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق بێت، ئه‌وه‌ش به‌ واتای ئاماده‌نین هیچ شتێ له‌سه‌ر ریفراندۆم باس بکه‌ن."

ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ پێی پۆسته‌که‌ی نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێڕاقی، وه‌فدی ریفراندۆم بۆ پرسێکی چاره‌نووس ساز له‌ به‌غدایه‌، به‌ڵام وه‌ک شوان داودی ده‌ڵێت ئه‌وان هیچ ئاگادارییه‌کی ئه‌و وه‌فده‌ نین، ده‌شڵێت "ریفراندۆمه‌که‌ش ناروونه‌ زیاتر وه‌کو پڕوپاگه‌نده‌ ده‌یبینم، هیچ ئاماده‌کارییه‌کی بۆ نه‌کراوه‌، چه‌ند مانگێکی ماوه‌ و هیچ شتێ نابینیت، ببینه‌ ئێمه‌ به‌هۆی په‌رله‌مانتاره‌ عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ هه‌واڵ ده‌بیستین که‌ چی باس کراوه‌."

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ شوان داودی