هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە ڕیفراندۆمەکەی خۆی بۆ سەربەخۆیی سازکرد و بەپـێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپـرسی هەرێم بە ڕێژەی نزیکەی 93% دەنگدەران بە بەڵێ دەنگی خۆیان داوە.
ئەم ئەنجامە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی بردە نێو قۆناغێکی نوێـیەوە، ئەویش کارکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کە بەشێکی زۆری گەلی کورد لە تامەزرۆی ڕاگەیاندنیدان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵگو لە تەواوی جیهاندا.
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە داوای لە بەغدا کرد کە بە شێوەیەکی دۆستانە گفتوگۆی جددی بکەن تاوەکو" ببنە دوو دراوسێی باشی یەکتر."
بەڵام لەگەڵ ئەوەش گوتی ڕیفراندۆمەکە بۆ سەپاندنی" ئەمری واقع" نیـیە و هەروەها بۆ دیاریکردنی سنووریش نیـیە، بەڵکو بۆ ئەوە بوو گەلی کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی لە بارەی چارەنووسی خۆی دەرببڕێت.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەویش لای خۆیەوە دەڵێت بە هیچ شێوەیەک دان بەو ڕیفراندۆمە نانێن و ئامادەنین هیچ وتووێژێکی لەسەر بکەن، وە جگە لەمەش بڕیاری داوە کۆمەڵێـک ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر کە وەک سزایەکی توند بۆ هەرێمی کوردستان دەبن، لەوانە داوای کۆنترۆڵکردنەوەی خاڵە سنووریـیەکان و فڕۆکەخانەکان و هەروەها هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تەنها لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە ببێت.
وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێـکی ئەرێنیـیان لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکە و ئەنجامەکانی نەبووە و هەتا ئەم ساتە هیچ وڵاتێک بە فەرمی دانیپـیادانەناوە. جگە لەمە وڵاتانی دراوسێ زۆر بە توندی لە بەرامبەر ئەم کارەی هەرێم وەستاونەتەوە و بەڵێنیان بە حکومەتی عێراق داوە هاوکاری بن لە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە یاسایـیانە.
بەڵام هاوکات چەند کاربەدەستێک و کەسایەتی نێودەوڵەتی پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێم دەربڕیوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، لەوانە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و سیناتۆر چەک شومەر ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا.
پـرسیار لێرەدا، ئایا ڕەتکردنەوەی داخوازیـیەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆمەکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە بڕیارێکی دوروست بوو؟
چۆن ئەم ڕیفراندۆمە یارمەتیدەر دەبێت لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی؟
دەسەڵاتدارانی هەرێم چ ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر بۆ دەربازبوون لە سزاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ؟
ئهمه بابهتی بهرنامهی ههلهو واشنتنی ئهم ههینیـیه بوو که حهیدهر کهریم له بهشی کوردی دهنگی ئهمهریکا بهڕێوهی برد و میوانهکان ئهم بهڕێزانه بوون:
دکتۆر کرمانج گوندی، پـرۆفیسۆر لە زانکۆی تێنسی ستەیت.
ڕەهێڵ جاف، گوتەبێژی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەید کەمال، بەرپرسی پەیوەندیـیەکانی کەرکوکی کۆمەڵی ئیسلامی.
Your browser doesn’t support HTML5