گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسایی و دەستوری بەرامبەر حکومەتی هەرێم گیراونەتەبەر بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە وەک سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەڵێت، هەر لە راگرتنی گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی و رێوشوێنی داخستنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم و دادگاییکردن و دەستگیرکردنی سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەهەرێم و لێکۆڵینەوە لە موڵک و ماڵی بەرپرسان و سامانەکانیان لەناوەو دەرەوەی وڵات. هاوکات سەرۆکی هەرێمیش مەسعود بارزانی داوای گفتوگۆی بێ مەرج دەکات، بەڵام عەبادی دەڵێت یەکەم مەرجی گفتگۆکردن دەستبەرداربوونە لە ریفراندۆم و باس نەکردنێتی. گۆڕانکارییەکانی پاش ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان جێی ئاماژەو بایەخی زیاترن، چاودێران و شرۆڤەکاران سەرباری نیگەرانیان لەکۆمەڵێک هەڵوێستی توندی ئیداریی و یاسایی حکومەتی عێراق بەڵام کۆمەڵێک پرسیار و شرۆڤەکاریی دیکەشیان هەیە کە سەنگ دەخنە سەر بینین و لێکدانەوەی لایەنە جیاوزەکانی ئەم کێشەو گرفت و هەڕەشانەی کە رووبەڕووی هەرێمەکەو هاوڵاتیان و ژیانی گوزەرانی خەڵک دەبێتەوە.
ئایا کورد لەبەرامبەر ئەو فشارانەی وڵاتانی دراوسێ و خودی حکومەتی ناوەندی عێراق چ کارتێکی فشار یان چ پەرچەکردارێکی یاسایی و ئاکادیمی هەیە بۆ بەگریکردن لەمافەکانی خۆی و هاوڵاتیان؟ ئایا ئەم سزایانەی عێراق سزای بە کۆمەڵی خەڵکە یان سزادانی ئیداریی و یاسایی کاربەدەستان و بەرپرسانی کوردە لەهەرێمەکەدا؟
ئاسۆ جەبار سەبارەت بەم پرسە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکرات دکتۆر فەرسەت سۆفیدا سازکردووە...
فەرسەت سۆفی دەڵێت "ئەوەی حکومەت و پەرلەمان و مەحکەمەی دەستوری دەیکەن بە هەموو پێوەرو لێکدانەوەیەک بڕیارێکی سیاسی و گەمارۆدانی خەڵکی کوردستانە."
دەشڵێت "ئێمە لەسەروبەندی ئەوەداین ئەم دۆخە هێور بکەینەوە."
سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی بەرسەکان لەناوەو دەرەوەی کوردستان فەرسەت سۆفی دەڵێت "ئەگەر ئەوان بەدوای پارەو سامانی عێراقەوەن، با بچن پرسیار لەمالیکی بکەن با بزانن چەند ملیارد عێراقی بردۆتە دەرەرە."
هەروەها دەڵێت "ئێمەش کارتمان بەدەستەوەیە و بەکاریان دەهێنین."
دەشڵێت "ئێمە وتوومانە رۆژێک دوای ریفراندۆم دەوڵەت راناگەیەنین."
Your browser doesn’t support HTML5