دوایـین پـێشهاتەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوە بوو شەوی چوارشەممە فەرماندەیەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پاشگەزبووەتەوە لە ڕەشنووسی ئەو ڕێکەوتنەی پـێی گەیشتبوون، وە لەو ماوەیەی دانوستاندنیان کردبوو، هەرێم سەرقاڵی بەهێزکردنی سەنگەرەکانی بووە.
ڕۆژی پـێنجشەممەش دادگای باڵای عێراق بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی هەتا گوێی لە قسەی هەرێمی کوردستان نەبێت لە بارەی ڕیفراندۆمەکەی کە لە 25 ی مانگی نۆ ئەنجامدرا، بڕیار نادات ئایا ڕیفراندۆمەکە دەستوری بووە یان نا.
لە ئەمەریکاش ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس و چەند کەسایەتیـیەکی سیاسی و کاربەدەستی پـێشووی سیڤیلی و لەشکری داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کرد پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات، وە ئاگاهیان دا لە مەترسیەکانی زیادبوونی ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا و بە تایبەتی لەوەی ئێستا لە بەرامبەر کورد دەکرێت.
ئەم پـێشهاتانە چەند پـرسیارێک دەهێنە ئاراەوە، بۆچی فەرماندەیەتی کشتی ئۆپەراسیۆنەکان کە دەزگایەکی لەشکریـیە بەیانـنامەیەکی لەو جۆرە بڵاودەکاتەوە لە کاتێـکدا حکومەتی عێراق هیچی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە؟ ئایا ناکۆکیـیەکان سیاسین یان لەشکریـین؟
بەیانـنامەکەی دادگای باڵاش کە هەرچەندە دەڵێن لە وەڵامدانەوەی داوایەکی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر بووە بۆ پەلەکردن لە بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایانەی لە دژی هەرێم سەبارەت بە ڕیفراندۆمەکە تۆمارکراون، بەڵام ئایا ئەمە هەوڵێک نیـیە بۆ ڕاکێشانی هەرێم بۆ دادگا تاوەکو بڕیارەکانی بە یاسایی بەسەردا بسەپـێنن؟
سەبارەت بەو داوایانەی لە لایەن ئەندامانی کۆنگرێس و کەسایەتیـیە سیاسیـیەکانی ئەمەریکا دەکرێن بۆ پشتیوانیکردن لە کورد، هەتا چەند سوودیان هەیە؟ ئایا بە کردەوە هەنگاویان بۆ ناوە؟ وەک هەوڵی دەرکردنی بڕیارێک لە کۆنگرێس یان دور لە چاوەکانی میدیاوە هەوڵی قایلپـێکردنی حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ ئەم مەبەستە دابێت؟
ئهمه بابهتی بهرنامهی ههلهو واشنتنی ئهم ههینیـیه بوو که حهیدهر کهریم له بهشی کوردی دهنگی ئهمهریکا بهڕێوهی برد و میوانهکان ئهم بهڕێزانه بوون:
نەجیبە نەجیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی.
Your browser doesn’t support HTML5