هەرچەندە هەرێمی کوردستان جاوەڕوانە کە بەغداد دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، بەڵام چاودیران وای بۆ دەچن کە ئەو گفتوگۆیە بەم زوانە روو نەدات، هاشم هاشمی وەک چاودێرێکی سیاسی دانیشتووی بەغداد هەمان رای هەبوو، ئەو هەڵوێستەش دەبەستێتەوە بە هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق، دەشڵێت "عەبادی بەهۆی سەرکەوتنەکانی بەسەر هەرێمدا لەو ناوچانەی خوارووی هەرێمی کوردستان هەوادارێکی زۆری کۆکردووەتەوە ژمارەشیان لە هەڵبژاردن کاریگەری خۆی دەبێت، لەبەر ئەوە هەر نزیک بوونەوەیەک لە کورد ئەو دەنگدەرانە کەم دەکاتەوە."
هەڵبژاردنی عێراق لە دووای نەمانی داعش زۆر هەستیارو پڕ لە ململانێ دێتە بەرچاو، بە تایبەتی لە نێو ماڵی شیعە کە زۆرینەن لە عێڕاق، ئێستا جگە لە باڵی ئێران و ململانێکانی نێو سەرکردە شیعەکان، ئەمجارە سەرانی هێزێکی سەرکەوتووی شەڕەکانی دژی داعش حەشدی شەعبی، بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، ئایا هەڵوێستی سەرۆک عەبادی چۆن دەبێت و چ کاریگەریەک دەکاتە سەر دەنگەکانی عەبادی. لەو بارەیەوە هاشم دەڵێت "ساڵی ئایندە ساڵێکی ئەستەم دەبێت بۆ بەڕێز عەبادی، ئایا هەڵوێستی بەرامبەر حەشد چۆن دەبێت، هەڵیان دەوەشێنێتەوە، یان کەمیان دەکاتەوە، یاخود دەیان خزێننە ناو سوپاوە، ئەی ئەو هەموو چەکە قورسە چی بەسە دێت، عەمبارەکانی چەک، گرفتی نێوان ناوەندو هەرێم، ئەوانە هەموو ئەو گرفتانەن کە چاوەروانی دکتۆر عەبادییە، هەروەها نێو ماڵی شیعەش ململانێکە قورسترە لە نێوان سەرکردە شیعەکانی نزیک ئێران وئەوانەش خۆیان بە دوور دەزانن."
سەبارەت بە دەروازەیەک بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان بەغداو هەولێر، هاشم دەڵێت "لە فەرەنساوە بڕیاریدا کە لە کۆتای ئەم مانگە فڕین لە فرۆکەخانەکانی سلێمانی وهەولێر دەست پێ بکاتەوە، ئەگەر روو بدات بەشکم ببێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دی."
Your browser doesn’t support HTML5