کێشەی هەرێم و بەغداد بووەتە کێشەیەکی کەڵەکە بوو، لەهەموو ساتێکدا دەبێتە مایەی مشتومڕو هاتوو چوونی شاندەکان بۆ چارەسەر کردنی و یاخود بۆ ساڕێژ کردنی گرفتێک کە دەیان ساڵە پێشڤەچوونی بەخۆوە نەدیوە.
دڵشاد مەجید، شیکەرەوەی سیاسی،پێیوایە؛ نەبوونی متمانە وەهای کردووە ئەو گرفتانە چارەسەر نەبن و ناوبەناو هەڵبدەنەوە.
ئەم شیکەرەوە سیاسییە کە زیاتر لە سۆشیال میدیا وەکو کەسێکی پڕ لە زانیاری بەردەوامە لە ڕاڤە کردنی بارودۆخەکانی نێوان عێراق و هەرێم، لەوبڕوایەدایە ئەمجارەیان بەغداد ڕژدە و دەڵێت "ئەمجارە تاکو ئەوەی لەسەری ڕێککەوتوون، هەرێم بە تەواوەتی جێبەجێی نەکات، بەغداد موچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێم نانێرێت. دەبێ ئەو لایەنانەش کە نەوتی هەرێمەکەیان بەدەستە بێنە ژێرباری ئەو ڕێککەوتنە، دەنا مەحاڵە ڕێکبکەون."
شاندی هەرێمی کوردستان دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەغدادا دەست پێکردوە و بەردەوامیشە، لەو بارەیەوە دڵشاد مەجید پێیوایە "گرفتەکە پەیوەندی نییە بەوەی کێ سەرۆک وەزیرانە، لە ئێستادا گەڕانەوەیە بۆ پرۆتۆکۆلەکانی سەردەمی عەبادی، هەرێمیش ئامادەیی نیشان داوە نیوەی داهاتی نێوخۆ ڕادەستی بەغداد بکات، بەڵام بەغداد هەمووی دەوێت و بەو پێشنیارە ڕازی نییە."
دڵشاد مەجید: سەرکردایەتی کورد نەوتیان نەکەوتووەتە دەست بۆ ئەوەی وڵاتی پێ دروست بکەن
نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەڕای ئەم چاودێرە کۆرۆنا ڤایرۆس گۆڕانکاری زۆر لە دنیادا دینێتە ئاراوە، لە جیهاندا گۆڕانکاری سیاسی دێنێتە ئاراوە، لە عێراقیش گۆڕانکاری ئابووری ، وەک ئەوەی ئێستا.
سەبارەت بەوەی کە سیاسییە کوردەکان بە دەرهێنانی نەوت هەرێمەکەیان خستووەتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی کە ئەوەش بۆ هەرێمەکە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگی خۆی هەیە، ئەم چاودێرە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە دەشڵێت "کورد نەچووەتە نێو هاوکێشەی نەوتی جیهانی و لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بوونی نییە، سەرانی کورد نەوتیان بۆ ڕازی کردنی تورکیا ڕادەست کردووە، ئیستاش تورکیا چاوەڕوانە ئەو سکاڵایەی عێراق کە لەسەری تۆمار کردووە بەهۆی بە قاچاخ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بیکێشێتەوە، ئەوسا نەوت بە تەواوی ڕادەستی عێراق دەکاتەوە، نەوت هەرگیز نابێتە نیعمەت بۆ هەرێمەکە، چونکەسەرکردە کوردەکان بۆ ئەوە دەریاننەهێناوە کە دەوڵەتی پێ دروست بکەن، بەڵکو بۆ پتەو کردنی پێگەی ئابووری خۆیان بۆ مسۆگەر کردنی مانەوەیانە و دەڵێت "هەر بەرپرسەو خاوەنی بیرە نەوتێکەو چەندین کۆمپانایی سیکویریتی و کۆمپانیای گواستنەوە بە تەنکەریان هەیە و بە ئارەزووی خۆیان نەوت دەهێنن و دەبەن، لە هیچ کوێی دنیا شتی وەها نەبووە".
لەبەشێکی دی وتوێژەکەیدا، لەگەڵ یەحیا بەرزنجی، دڵشاد مەجید باس لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانیش دەکات و ئاماژە بەوە دەکات؛ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، شتێکی دەگمەنە و دەشڵێت "ببینە لە دنیادا نەبووە ماڵی گشتی بەبێ بوونی یاسای بودجە سەرف بکرێت، هەر سەرفیاتێک دەیکەن نایاساییە، دواڕۆژ هەموو ئەو کەسانە بە سانایی دادگایی دەکرێن."
هەرێمی کوردستان لە زاری بەرپرسەکانییەوە لەوە دەترسن، ڕادەست کردنی نەوت و سەرچاوە داهاتەکانی هەرێم بە بەغداد پێگەی سیاسی کورد لاواز بکات، لەو بارەیەوە دڵشاد مەجید لای وایە پێچەوانەکەی ڕاستە، "هەموو مامەڵەکان لە دنیادا لەگەڵ دەوڵەتدا دەکرێت، هەرێم زۆر گیرو گرفتی لەکۆڵ دەبێتەوە، هەروەها دەشتوانێت بوژانەوەیەکی باشی ئابووری بەخۆوە ببینێت، لە ڕووی سیاسیشەوە لە دەستووری عێراقدا دان بە تۆدا نراوە وەکو نەتەوە و ناوچەیەکی فیدڕاڵ".
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5