ڕێبوار کەریم: ئەو پارەی بێ بەرامبەر دەدرێتە هەرێم موچەی 682 هەزار کەسە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات لە هەنگاوەکانیان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی عێراق بەردەوام دەبن، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیان لە تەشهیر و هێرشەکانی سەریان ئاگادار کردووەتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی هەوڵی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات بۆ سەر حکومەتی عێراق، دەڵێت" هەموو هەنگاوێک کە دەستی دەدەیتێ، لەڕووی یاسایی و ئیداری و دارایی و تەکنیکیەوە، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی خۆی هەیە، ئێمە ئەو ڕێوشوێنانەمان دیاریکردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وردەکاریەکان، بۆیە ئیشی خۆمان دەکەین و بەرچاومان ڕوونە."

سەبارەت بە لەمپەرەکانی بەردەمیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، دەڵێت"لەم هەنگاوەدا ئیشمان بەهەرێم نیە، هەرێم لەمپەرە لەبەردەم هەموو هەوڵێکدا بۆ چاکسازی و ڕزگارکردنی موچە خۆرانی هەرێم لەو نەهامەتیەی ئەوان بەسەریاندا هێناون، لەمپەرەکان نەک ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر هانمان دەدات بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشەکان، ئێمە گوێ بە لەمپەر نادەین."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاشکرایکرد، ژمارەیەک پەرلەمانتاری تر پێچەوانەی ئەوان هەنگاو دەنێن، کار بۆ شکست هێنان بە پرۆژەکەیان دەکەن، وتی"هەندێک پەرلەمانتاری تر هەوڵی پێچەوانەیان هەیە، بەڵام ئەوانە کەمینەن، زۆربەی پەرلەمانتارانی عێراق لە پێکهاتە جیاوازەکان، پشتیوانی پرۆژەکەن و ژمارەشیان لەزیادبووندایە، تا بیسەلمینن، بێ جیاوازی لە خەمی موچەخۆرانی هەرێمیشن."

دەربارەی بۆچوونی سەرۆک کۆمار لەسەر گواستنەوەی موجەی فەرمانبەران، کە ئەم پەرلەمانتارە بە نزیک لەسەرۆک کۆمار هەژمار دەکریت، دکتۆ ریبوار وتی"هیچ زانیاریەکم لەسەر ڕای سەرۆکایەتی کۆمار نیە، ئەزانم لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانن بەشێوەی ڕیشەیی، بەڵام لەسەر ئەم پرۆژە، زانیاریم لەسەر بیروبۆچوونیان نیە."

بەشێک لە موچەخۆرانی هەرێم نائومێدن لەهەوڵەکان بۆ گواستنەوەی موچەکانیان بۆ سەر عێراق، بەو پێیەی عێراق ئامادە نیە موچەی موچەخۆران بدات و هەرێم نەوت و داهاتی ڕادەست نەکات، لەو بارەیەوە دکتۆر ڕێبوار دەڵێت"ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتووگۆمان کردووە، ئەو پارەی حکومەت بێ بەرامبەر دەیداتە هەرێم، پارەی 682 هەزار و 21 کەسە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم جگە لە بندیوار، کەمێک لەوە زیاترە، مادام پێشنیارمان کردووە، پارەکە بە حساب بانکی بێت، ژمارەیەکی بەرچاو ناوی وەهمیش ئاشکرا دەبێت، بەدڵنیاییەوە حکومەتی عێراق بەرامبەرمان نەوەستاوەتەوە."

جەختیشیکردەوە"ئێمە دەبێت لەپەرلەمان ڕێوشوێنەکان بگرینە بەر، دواتر لەگەڵ حکومەتی عێراق قسەی جیاوازترمان دەبێت."

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عیراق، روونیکردەوە تەشهیر و قسەی لابەلایان بەرامبەر دەکرێت و هەوڵی ساردکردنەوەشیان دەدرێت، بەڵام ئەوانە لە هەوڵەکانیان ساردیان ناکاتەوە و ڕایان ناگرێت، وتی" کومەڵگای نێودەوڵەتیمان تەنانەت لە تەشهیرکردنەکانیشیان ئاگادار کردووەتەوە، باکمان بە لەمپەرەکانیش نیە."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر