پلانێکی لایەنە عێراقیەکان لە بەرامبەر پـێشمەرگە

لایەنە شیعیەکانی عێراق، دەیانەوێت کارتی پێشمەرگە و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە وڵاتان، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوریەکان بهێننە پێشەوە و داوای کەمکردنەوەی ژمارەی هێزی پێشمەرگە یاخود هەڵوەشاندنەوەی بکەن، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئەو خواستە ڕەتدەکەنەوە.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە مادەی 121 ی دەستوری عێراق دا، هاوشێوەی پۆلیس و ئاسایش، بە پاسەوانی هەرێم ( حرس اقلیم) ناوی هێنراوە،ژمارەی ئەم هێزە، بەهەموو بەش و پێکهاتەکانیەوە، بە نزیکەی 400 هەزار دەخەمڵێنرێت، سەرباری بەشداری کردنیان لە زۆربەی شەڕ و ئاڵۆزیەکاندا، بەڵام بەرپرسانی لایەنە شیعیەکان، ڕۆڵی ئەم هێزە نادیدە دەگرن.

لیوا محەمەد ڕێگر کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لایەنە عێراقیەکان نەیاری پێشمەرگەن، چونکە هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و بەرگری لەکوردستان دەکات."

جەختیشیکردەوە" لایەنە عێراقیەکان دژی پێشمەرگە قسە دەکەن، لەکاتێکدا پێشمەرگە بەشێک لە موسڵی لە داعش پاککردەوە و ڕێگەی بۆ هێزە عێراقیەکان کردەوە، تا بەرەو موسڵ بڕۆن، سەرباری ئەمەش، دژی پێشمەرگەن، چونکە پێشمەرگە میلیشیا نیە و جێبەجێکاری ئەجێندای وڵاتان نیە."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەفتەی ڕابردوو، جگە لە ڕەوتی سەدر و تەیاری حیکمە، سەرجەم لایەنە شیعیەکان، لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان، هێنانە پێشەوەی داواکاری هەڵوەشاندنەوە یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم بووە لە وڵاتان.

عەلی حسەینی وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی و بەرپرس لە هێزەکانی ڕێکخراوی بەدر، ڕەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرت، بەوەی کە 400 هەزار پێشمەرگەی هەیە، کەچی لەکاتی گرژی و ئاڵۆزی و فشارەکانی سەریدا، داوای هێز و هاوکاری لە عێراق دەکات، وتی"هەرێم هەرێمە، خۆ دەوڵەت نیە، 400 هەزار پێشمەرگەی بۆچیە، هەرێم سێ پارێزگایە، هەر پارێزگایەک و 50 هەزار پێشمەرگەی هەبێت، زۆریشە."

جیاواز لە کۆبوونەوەی لایەنە شیعیەکان و نادیدە گرتنی ڕۆڵی پێشمەرگە، بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، هەر هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق کە زۆربەی ئەندامەکانی سەربە لایەنە شیعیەکانن، لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەتەوە، داوای هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە و داعش بۆشاییەکانی قۆستوەتەوە.

لیوا محەمەد ڕێگر، پێیوایە داواکاری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە و دژایەتیکردنی نوێ نیە، بەڵکو دەمێکە باسی دەکەن، وتی"پێشمەرگە،نە ئەوان دروستیانکردووە، نە ئەوانیش خاوەنین، تا بەوان هەڵبوەشێتەوە."

لە وەڵامی وتەبێژەکەی حەشدی شەعبیشدا، لیوا محەمەد دەڵێت"بە پێچەوانەوە، نەک هەرێم، بەڵکو ناوچەی سەوزی بەغداش کە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و پەرلەمانی تێدایە، هێزە کوردیەکان دەیپارێزن، بەڵام ئەوان چاویان بە پێشمەرگەدا هەڵنایەت."

گرفتی گەورەی هێزەکانی پێشمەرگە، مانەوەیانە لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب و بەرپرساندا، کە تائێستا تەنها 14 لیوایان لە ژێر سەرپەرشتی هاوپەیماناندا یەکخراونەتەوە، بەشێکی زۆر لەیەکە و لیواکانی، هێشتا سەربە حیزب و بەرپرسانن، ئەمەش زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە، وەکو پاساو لە دژیان بەکار دەهێنرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر