شارەزایەکی بواری ئاسایشی نەتەوەیی: دەبێت حیزبە کوردیەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی سەخت ئامادە بکەن

شارەزایەکی بواری ئاسایشی نەتەوەیی ڕایدەگەیەنێت، کورد ئەگەر خۆی بۆ قۆناغەکانی دوای کشانەوەی ئەمەریکا ئامادە نەکات و خۆی ڕێکنەخاتەوە، لە قۆناغی داهاتوودا، مەترسی گەورەی لەسەر دروست دەبێت و بە زیانێکی گەورەوە لە هاوکێشەکان دەردەچێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حاکم حەمدی گلی شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی و عەمیدی خانەنیشین، دەڵێت "کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق چاوەڕوانکراوە، بە تایبەت دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان، ئەمەریکا دەیەوێت حساباتی خۆی بگۆڕێ لەناوچەکە."

ڕوونیشیکردەوە، ئەمەریکا سەرکەوتوو نەبوو لە عێراق و، نەیتوانی عێراقێکی دوور لە هەیمەنەی ئیقلیمی دروست بکات، بۆیە کشانەوەی چاوەڕوانکراوە، وتیشی "گەر ئەمەریکا بکشێتەوە، عێراق و دیمەشق دەکەونە مەترسیەوە، داعش بەهێز دەبێتەوە، فشار لەسەر ئێرانیش دروست دەبێت، دوور نیە دۆخێکی تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە."

حاکم حەمدی گلی، بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان و حیزبەکان خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەن، وتی"یەکێتی ئێستا هێزێکی کاریگەرە و توشی گرفتی نێوخۆیی بووە، دەبێت خۆی ڕێبخاتەوە و بەهاوکاری حیزبەکانی تر، خۆیان بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادە بکەن."

ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی نەتەوەیی، بەدووری دەزانێت ئەمەریکا لەم قۆناغەدا، ستراتیژیەتی خۆی بەرامبەر کورد بگۆڕێت، چونکە هەڵەیەکی گەورەی کرد، کاتێک حکومەتی عێراقی ڕووخاند و دەوڵەتانی عەرەبی لەمە بەگلەیین، دوای ڕووخانی بەعس، گرفتە گەورەکانی نێوان، عەرەب، فارس، تورک، شیعەی فارسی و شیعەی عەرەبی دەرکەوتن، وتی"هەموومان لەگەڵ ڕووخانی سەدام و دروستکردنی وڵاتێکی فیدراڵی دیموکراتیدا بووین، بەڵام لە گۆڕانکاریەکان کورد زەرەر دەکات، گەر نەزانێت لە یاری لەنێوان ئێران و تورکیا بکات."

جەختیشیکردەوە "دەبێت حیزبە کوردیەکان عەقڵیەتی مەلایی و جەلالی تێپەڕێنن، کۆتایی بە عەقڵیەتی یەکتری سڕینەوە بهێنن، چونکە هاوکێشەکان قورس دەبن و ململانێیەکی گەورە لە پێش کوردە."

بەبڕوای حاکم حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی، گەر لایەنە کوردیەکان خۆیان ڕێکنەخەنەوە و میللەتی کورد لە مەترسیەکانی داهاتوو تێنەگەیەنن، بەردەوام بن لە شەڕی لابەلا، لە قۆناغی داهاتوودا، مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر