هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر داعش لە موسڵ زیاتر دەکات

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش دەڵێت هێرشە ئاسمانیـیەکانیان بۆ سەر ناو شاری موسڵ و دەوروبەری زیاترکردووە، لەم کاتەی هێزە زەمینیـیەکانی عێراق خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕزگارکردنی شارەکە.

هاوپەیمانێتیـیەکە ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند فڕۆکەکانیان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو، زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانیـیان ئەنجامداوە بۆ سەر داعش لە موسڵ.

هاوکات هێزە عێراقیـیەکان لە باشور و ڕۆژهەڵاتی دەسـتیان بە جوڵە کردووە.

عێراق و هاوپەیمانان دەڵێن نزیکەی 30 هەزار سەربازیان پـێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ کەوا زیاتر لە 2 سـاڵە لە ژێر دەسـتی داعشدا بووە.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی تورکیا (ئانادۆڵو) بڵاویکردووەتەوە بەپـێی کاربەدەسـتان، ئەوانەی بەشداربوون لە کۆبوونەوەی نێوان تورکیا و ئەمەریکا لە بارەی ڕزگارکردنی موسڵ، ئەو هێزە عێراقیـیەی لەشکری تورکیا لە سەربازگەی باشیک مەشق و ڕاهێنانی پـێکردوون بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا دەکەن، وە ئەو هێزە ناوی خۆی گۆڕیوە لە حەشدی نیشـتیمانی بۆ پاسەوانانی نەینەوا.

ئاژانسەکە دەشڵێت سەرچاوەکان گوتوشیانە لە قۆناغی یەکەم کە بە هەماهەنگی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت، هێزەکانی پـێشمەرگە هێرش دەکەنە سەر هێڵەکانی پـێشەوەی داعش لە دەوروبەری شارەکە.

هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتپـێبکات، ئەگەر هیچ شتێـکی لە ناکاو ڕوونەدات.