فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، دەڵێت ئەو نوسراوانەى كە لە ڕێگەى فڕۆكەوە بەسەر ئاسمانى موسڵ دا فرێدراوەتە خوارەوە ، بەشێكە لە پلانى كۆنترۆڵكردنەوەى موسڵ و دەرهێنانى لەبن دەستى داعش.
فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پلانى میدیایى بەشێكە لەپلانى كۆنترۆڵكردنەوەى موسڵ و ، دەمانەوێت دانیشتوانەكەى ئاگادار بكەینەوە تا لەبارەگاكانى داعش دووربكەونەوە بۆ ئەوەى زیانیان پێنەگات."
بەپێى وتەى فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، پلانى كۆنترۆڵ كردنەوەى موسڵ بەهۆى كێشە سیاسیەكانى عێراقەوە هیچ گۆرِانكاریەكى بەسەردا نەهاتووە، وتى"پلانەكە تەنها پلانى سەربازى نیە ، بەڵكو پلانى سیاسى و كۆمەڵایەتى و ئابوریش لەخۆ دەگرێت."
فەریق ئەنوەر حەمەئەمین، ئاماژەى بەوەشكرد دەیانەوێت پلانى موسڵ بەشێوەیەك جێبەجێ بكەن كەمترین زیان بەر شارەكە و دانیشتوانەكەى بگات.
هەرچەندە بەرپرسانى عێراق بەردەوام باس لە خستنەبوارى جێبەجێكردنى پلانى كۆنترۆڵكردنەوەى موسڵ دەكەن ، بەڵام تا ئێستا وادەى خستنەبوارى جێبەجێكردنى پلانەكە رانەگەیەنراوە.
Your browser doesn’t support HTML5