محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە دابەزینی نرخی نەوت، گرفتی گەورەی بۆ عێراق و هەرێم بەدواوەیە.
دابەزینی نەوت
بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە ناتوانرێت پێشبینی بۆ نرخی نەوت بکرێت، بەو پێیەی بازاڕی نەوت زۆر ناسەقامگیرە، دەڵێت"ئەو فاکتەرانەی بڕی خواست و خستنەڕوو دیاری دەکەن، ناجێگیرن و ڕۆژانە دەگۆڕێن، بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت گەیشتە 32 دۆلار، کە بەراورد بە دوو مانگ لەمەوبەر 52% کەمیکردووە."
دوو مانگ لەمەوبەر نرخی بەرمیلێک نەوت 67 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ نرخەکە گەیشتە 32 دۆلار، هەروەها کاتژمێر 10 ی شەوی ڕابردوو، 45 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ دوو شەمە بۆ 32 دۆلار دابەزی.
محەمەد حسێن، دەڵێت"بازاڕ زۆر ناسەقامگیرە، فاکتەرەکانی ناسەقامگیری بازاڕی نەوتیش هەر لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا دەگاتە ڕێکنەکەوتنی سعودیە و روسیا، یاخود روسیاو ئۆپیک، بەردەوامیان هەیە، کە بەردەوامی فاکتەرەکان، دیار نیە نرخی نەوت بۆ کوێ دەبات."
کەی نرخی نەوت جێگیر دەبێتەوە؟
بەرێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، ئاماژە بەوەدەکات لەئێستادا، نزیکەی ملیۆنێک و سێسەد هەزار بەرمیل نەوت سەر ڕێژی هەیە، واتە ملیۆنێک و سێسەد هەزار بەرمیل زیاتر لەبازاڕدایە، بەراورد بەو خواستەی لەسەریەتی و کڕیارەکانی دەیانەوێت.
محەمەد حسێن، دەڵێت"گەر ڕوسیا و سعودیە بیانتوانیبا، ئەو ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیلە کەم بکەنەوە لەبەرهەم هێنانی ڕۆژانەیان، ڕەنگە نرخی نەوت بۆ سەرووی 50 دۆلار بەرز بایەتەوە و جێگیریان بکردایە."
ناوبراو دەشڵێت"کێشەکە ئەوەیە بەهۆی کۆرۆنا و کاریگەریە ئابوریەکانی کۆرۆناوە، ڕۆژانە خواست لەسەر نەوت کەم دەکات، خەڵک سەیارە بەکار ناهێنێت، گەشت و گوزار کەم بۆتەوە، کارگەیەکی زۆر داخراون، چین ساڵی پار لەمکاتەدا ڕۆژانە 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار دەهێنا، بەڵام ئێستا 11 ملیۆن بەکار دەهێنێت."
بەپێی وتەی محەمەد حسێن، گرفتەکان کەبوونەتە هۆی کەمی خواست لەسەر نەوت، وایانکردووە رەنگە دوو هەفتەی تر نەوتی زیاتر بخرێتە بازارەوە، لەکاتێکدا خواست لەسەری کەمیکردووە، دەڵێت"ژمارەکان ناسەقامگیرن و ڕۆژانە دەگۆڕێن ."
بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێیوایە نەمانی کاریگەریەکانی کۆرۆنا و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بەوەی هاتووچۆی خەڵک ئاسایی بێتەوە و کارگەکان بکرێنەوە، وادەکات دۆخ هێدی هێدی ئاسایی بێتەوە.
ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە
بەبڕوای محەمەد حسێن، ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە، بۆ کەم نەکردنەوەی بڕی ملیۆن و نیوێک بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، هۆکاربوو بۆ دابەزینی نرخی نەوت، پێیوایە"گەر ڕێککەوتبایەن، دەیانتوانی نرخ لە 50 دۆلاردا جێگیر بکەن."
بەرێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ شیکاریە سیاسیەکان، باسلەوەدەکات گەر ئەو دوو وڵاتە ڕێکنەکەون، مەترسی گەورەتر لە ئارادایە و شەڕی نرخ دەست پێدەکەن، کە ئەوکات هەریەکەیان لای خۆیەوە بۆ پەیداکردنی کڕیاری زیاتر، نرخ دادەبەزێنن و بەجیا نەوت دەفرۆشن، جەخت دەکاتەوە"ئەم ترسە نرخی گەیاندۆتە 32 دۆلار."
محەمەد حسێن، دەڵێت"ڕێکنەکەوتنی ڕوسیا و سعودیە، ئەنجامی تراژیدی بۆ بازاڕی نەوت بەدواوەیە."
کاریگەری نەوت لەسەر ئابووری عێراق و هەرێم
بەو پێیەی ئابووری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابووریان دەبێت.
محەمەد حسێن لەو بارەیەوە، دەڵێت"داهاتی عێراق و هەرێم زیاتر لە نیوە کەم دەکات، کە داهاتیان کەم دەکاتە واتە گرفتی پارەیان بۆ دروست دەبێت، گرفتی کەمی پارەش، کاریگەری لەسەر موچەی فەرمانبەران، خەرجیە گشتیەکان و خزمەتگوزاری و هەموو کەرتەکان دەبێت."
دەشڵێت"ئەو بودجەیەی بڕیاریان لێداوە، ناتوانن خەرجی بکەن، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ هەردوو حکومەت، لەوەش ناچێت بتوانن چارەسەری بکەن، چونکە هۆکارەکانی چارەسەریان لەبەردەستدا نیە."
کێشەی پشت بەستن بەنەوت ئەوەیە کە چارەسەری دوور مەودای دەوێت، پلانی چل ساڵەی پێویستە، کاتێکیش دەتوانرێت ئەم پلانە دوور مەودایە جێبەجێ بکرێت وڵات لەگرفتدا نەبێت، لەکاتێکدا عێراق و هەرێم لە پێگەیەکدا نین، وەک محەمەد حسێن دەڵێت"بتوانن چارەسەری ئەم گرفتە بکەن، بۆیە دوور نیە قەیران سەرهەڵ بدات."
Your browser doesn’t support HTML5