پەرلەمانی عێراق یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنەکان پەسەند کرد کە داواکارییەکی سەرەکی خۆپیشاندەران بووە تاوەکو هەڵبژاردنەکان زیاتر دروست بن، بەڵام سڕبوونی پڕۆسەی سیاسیی هێشتا کۆسپ دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی کاتی حکومەت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق محەمەد حەلبوسی دوای دەنگدانەکە وتی " بە ناوی عێڕاق و بەناوی گەل و بەناوی شەهیدان و بەناوی قوربانیان و بە ناوی پەنابەرانەوە پەسەند کرا."

یاسا نوێیەکە کە پەرلەمان پەسەندی کرد ڕێگە دەدات دەنگدەران ئەندامانی پەرلەمان لەسەر بنەمای تاک هەڵبژێرن لەجیاتی ئەوەی لەسەر بنەمای لیستی حیزبەکان هەڵیبژێرن.

خۆپیشاندەرێکی لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغداد وتی " ئەمە بڕیاری گەلە، ئەو گەلەی کە ئارامی گرت لە گۆڕەپانی تاحریردا و بڕیاری خۆیدا لەسەر ئەوەی دەبێت هەڵبژاردنەکان لە سەدا سەد تاکەکەسی بن."

خۆپیشاندەران تەنها داوای یاسایەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنەکان نەکردووە بەڵکو داواشیان کردووە هەموو نوێنەرە سیاسییەکانی ئێستا لاببرێن و سەرۆک وەزیرێکی سەربەخۆ دەست نیشان بکەن کە سەر بە هیچ حیزبێک نەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز